ماڵپەڕی كەناڵی حەدەس ئاشكرای دەكات شەوی رابردوو هێرشێك كراوەتە سەر بنكەی میلیشیاكانی عێراق لە قائیمی سەر سنووری سووریا، بە دەیان كەس كوژراون.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئادار، ماڵپەڕی كەناڵی حەدەس ئاشكرای دەكات شەوی رابردوو هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر بنكەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی قائیم لەسەر سنووری عێراق و سووریا ئەنجام دراوە و بە دەیان كەس كوژراون.
لە هەواڵەكە ئاماژە بۆ ئەوە نەكراوە ئەو شوێنەی كراوەتە ئامانج، بارەگەی كامە میلیشیای عێراق بووە. بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە كراوە زیاتر لە 30 كەس كوژراون و 50 برینداریش هەیە. بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە میدیای عێراقی بڵاوكراوەتەوە، هێرشەكە زۆر توند بووە و تەواوی بارەگاكە رووخاوە
دوێنێ بە چڕی هێرش دەكرایە سەر بنكە و سەربازگەی میلیشیاكانی عێراق كە لە بەرژوەندی ئێران شەڕیان راگەیاندووە. هێرشەكان بۆ سەر بارەگای میلیشیاكان لەو شارانە بوو: مووسڵ، ئەنبار، بابل، واست، دیالە.