مستەفا هیجری: هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران نییە

:: PM:04:49:12/03/2026 ‌
سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی عەرەبیە رای گەیاند، دوای چەند رۆژێك لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، پێوەندیی تەلەفۆنی ترەمپ لەگەڵ سەرۆكی پارتە كوردییەكانی ئێرانیش هەبووە، جگە لەوەش لە رێگەی نوێنەرایەتیی خۆمانەوە را و بۆچوونمان لەگەڵ ئەمەریكا و ئەوروپا گۆڕیوەتەوە.

مستەفا هیجری بەدووری دەزانێ رژێمی ئێستەی ئێران بڕووخێت و دەڵێت، ئەمەریكا و ئیسرائیل خۆیان گوتوویانە، رژێمی ئێستە ناگۆڕن.

ئەوەشی گوتووە، ئەستەمە لە ماوەیەكی نزیكیشدا خەڵك خۆپێشاندان بكەن بۆ گۆڕینی رژێم، ئەوەش لەبەر ترسی كوشتن و لەناوبردنیان وەك لە حەوت و هەشتی شوباتی ئەمساڵ رووی دا.

سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە، هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەخۆڕا نەبوو، بەڵكو دەرئەنجامی كردەوەی 47 ساڵەی رژێمی ئێران بووە، هەر لەو ساتەوەی دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەم ڕژێمە باڵوێزخانەی ئەمەریكای لە تاران گرتە دەست و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك هەموو كارمەندەكانی بە بارمتە گرت، لەو كاتەوە دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمەریكا بەردەوامە، هەروەها هێزەكانی بەوەكالەت لە دەوری ئیسرائیل چەكدار كردووە و بازنەیەكی ئاگرینی لە دەوری ئیسرائیل دروست كردووە.

مستەفا هیجری دەشڵێت، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپاشەوە دەیان ساڵە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكەن و هەوڵی گۆڕینی سیاسەتە شەڕانگێزییەكانی دەدەن، بەڵام ئەم ڕژێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر سوور بووە لەسەر درێژەدان بە سیاسەتەكانی، بۆیە ئەم هێرشانەی كە لە دژی دەستی پێ كردووە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەن و چاوەڕوانیش دەكران.

لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هیجری گوتی، پارتەكەی پشتیوانیی شەڕ ناكات و پشتیوانی لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەكات لە ڕێگەی دیالۆگەوە، بەڵام كاتێك چارەسەری ململانێكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە نەدۆزرێتەوە، شەڕ دەبێتە دوا بژاردە.
 
لە كۆتاییدا سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دووپاتی لەوە كردەوە، حكوومەتی ئێران هەموو سەرچاوەكانی دەوڵەتی بۆ ئایدۆلۆجیاكەی بەكار هێناوە، لە كاتێكدا دانیشتووانی وڵات لە هەموو خزمەتگوزارییەكان بێبەشن. سامانی گشتی وڵاتی بۆ پڕچەككردن و بەهێزكردنی ئەو گرووپانە بەكار هێناوە كە بەوەكالەت شەڕی بۆ دەكەن، لەگەڵ خەرجكردنی پارەیەكی زۆر بۆ پەرەپێدانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئامانجی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی، بۆیە دەستی ئەم رژێمە بەهەر شوێنێك بگات، دەبێتە هۆی برسێتی و شەڕ و دووبەرەكی.


وشە - سۆران عەزیز