ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئاداری 2026، کەشتیگەلی پێنجەمی سەر بە فەرماندەییی ناوەندیی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا، ڕای گەیاند کە ئاگرێک لە ناو ژوورەکانی جلشۆردنی سەرەکیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد ئار فۆرد" (CVN 78) کەوتووەتەوە.
لە بەیاننامەی کەشتیگەلەکەدا هاتووە، کەشتیی "یو ئێس ئێس جێراڵد ئار فۆرد CVN 78" ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوەیەک بووەوە کە لە ناو ژوورەکانی جلشۆردنی سەرەکیی کەشتییەکەدا کەوتەوە، هۆکاری ئاگرەکەش هیچ پێوەندییەکی بە کارە جەنگییەکانەوە نەبووە و بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە.
بەیاننامەکە ئەوەشی زیاد کردووە، هیچ زیانێک بەر وێستگەی پاڵنەرەکانی کەشتییەکە "بزوێنەرەکان" نەگەیشتووە و فڕۆکەهەڵگرەکە هێشتا بە تەواوی توانای خۆیەوە کار دەکات.
لە درێژەی بەیاننامەکەیدا، کەشتیگەلی پێنجەم ئاشکرای کردووە، لە ئێستەدا دوو دەریاوان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن بۆ برینەکانیان کە مەترسی لەسەر ژیانیان نییە و باری تەندروستییان جێگیرە. هەر زانیارییەکی تریش بەردەست بێت بڵاوی دەکەینەوە. گرووپی هێرشبەری 'جێراڵد ئار فۆرد' لە ئێستەدا لە ناو دەریای سوور کار دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران.