ئەمڕۆ هەینی 13ی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەنراوێکی بەپەلەدا کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی پڕکردنەوەی سووتەمەنیی ئەمەریکی لە جۆری (KC-135) ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی سێنتکۆم، ڕووداوەکە لە ناو ئاسمانێکی دۆستانەدا و لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەییی داستانی" ڕووی داوە، و لە ئێستەدا هەوڵەکانی ڕزگارکردن بەردەوامن.
سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە دوو فڕۆکە لە ڕووداوەکەدا بەشدار بوون، یەکێکیان لە ڕۆژئاوای عێراق کەوتووەتە خوارەوە و فڕۆکەی دووەمیش بە سەلامەتی نیشتووەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی تەقەی دوژمنکارانە یان تەقەی هێزە دۆستەکانەوە نەبووە.