مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەفەرمی بەرپرسیارەتی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆكە هەڵگرە سووتەمەنییە ئەمەریكییەی لەخۆ گرت كە دوێنێ لە رۆژئاوای عێراق خرابووە خوارەوە.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، لەپێناو بەرگریكردن لە سەروەری خاك و ئاسمانی وڵاتەكەمان كە لەلایەن فڕۆكەكانی داگیركەرەوە پێشێلكراوە، موجاهیدەكانمان توانییان بە چەكێكی تایبەت فڕۆكەیەكی ئەمەریكی لە جۆری (KC-135) لە رۆژئاوای عێراق بخەنەخوارەوە.
مقاوەمەی ئیسلامی دەڵێت، موجاهیدەكانمان فڕۆكەیەكی دیكەشیان هەر لە جۆری (KC-135) كردبووە ئامانج، بەڵام فڕۆكەكە رزگاری ببوو و بەناچاری خۆی گەیاندبووە فڕۆكەخانەیەكی دوژمن.
شەوی رابردوو فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا (سێتكۆم) رایگەیاندبوو كە دوو فڕۆكەی تایبەتی هەڵگرتنی سووتەمەنییان لە جۆری (KC-135) لە عێراق پێكرابوو، یەكێكیان خرابووە خوارەوە و ئەوەی دیكەیان بە سەلامەتی لە فڕۆكەخانە نیشتبووەوە.
راشیگەیاندبوو كە هەردوو فڕۆكەكە لەلایەن گرووپ و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای عێراق هێرشیان كرابووە سەر.