نێچیرڤان بارزانی بۆ ماكرۆن : پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات

:: PM:07:07:13/03/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئێمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا ئەنجام دا و سەبارەت بەو هێرشانە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان كرد و سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، " پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی ئەو گرووپانە و سزادانیان"

ئەمڕۆ هەینی 13ی ئادار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی لەگەڵ سەرۆكی فڕەنسا ئەنجام دا، بەگوێرەی راگەینراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان  نێچیرڤان بارزانی ، "بە توندی سەرکۆنەی هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردووی سنووری مەخمووری بۆ سەر سەربازگەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزەکانی فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد کە لە ئەنجامدا سەربازێکی پلەداری فەرەنسی گیانی لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوو".

لە بەشێكی تری راگەینراوەكە هاتووە، "نێچیرڤان بارزانی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی و گەلی کوردستانی ئاراستەی سەرۆک ماکرۆن و گەل و حکوومەتی فەرەنسا و خێزان و هاوڕێیانی ئەو سەربازە فەرەنسییە کرد کە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە هەرێمی کوردستان گیانی بەخشی. هەروەها دووپاتی کردەوە کە بیر و دڵمان لای ئەوانە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست".

هەر لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكە،  "نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری و هاوکاریی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزە سەربازییەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی. هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی ئەو گرووپانە و سزادانیان، تاکوو چیتر بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکەونە مەترسییەوە"

لە راگەینراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، " لای خۆیەوە سەرۆک ماکرۆن، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندی و هاوخەمیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و گەلی کوردستان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا لە پشتگیری و هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت".

دوێنێ‌ لە سنووری مەخموور هێرش كرایە سەر سەربازگەیەكی هاوبەشی پێشمەرگە و هاوپەیمانان، لە ئەنجامی هێرشەكە ئەفسەرێكی فڕەنسی گیانی لەدەست دا و چەندانی تر بریندار بوون. 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل