وێستگەیەكی كارەبا لە ئەبوغریب لە رۆژئاوای بەغدا گڕی گرت، میدیاكانی عێراق دەڵێن بە درۆن هێرشی كراوەتە سەر و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رەتی دەكاتەوە و دەڵێ، "لە ئەنجامی گوشاری بەكارهێنان گڕی گرتووە".
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13ی ئادار، وێستگەیەكی كارەبا لە ئەبوغریب گڕی گرت و تیمەكانی ئاگركوژێنەوە دوای ماوەیەكی كورت ئاگرەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد.
ماڵپەڕە عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە ئاگرەكە لە ئەنجامی هێرشی درۆنێك بووە، كەچی
وەزارەتی ناوخۆی عێراق روونكردنەوەی داوە و ئەو زانیارییانە رەت دەكاتەوە.
لە راگەینراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئاگرەكە كۆنترۆڵ كراوە و بەگوێرەی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی وێستگەكە گوشاری زۆر لەسەر بووە و بۆیە تەقینەوە لە ژوورەوە رووی داوە و گڕی گرتووە. وەزارەتی ناوخۆ دووپاتیشی دەكاتەوە هەواڵی هێرشی درۆنی بۆ سەر وێستگەكە "هەرگیز راست نییە".