وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ رای گەیاند، گرەو لەسەر گەلی ئێران دەكەن دوای ئەوەی كۆتایی بە چالاكییە سەربازییەكانیان هێنا بۆ رووخانی رژێمەكە، گرنگە دوای لاوازبوونی تەواوی دەسەڵاتەكە، ئەركی گەلەكەیە بیڕووخێنن. جەنگەكەیش بەكۆتا نایەت تا رووخانی ئەو دەسەڵاتەی ئێران.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 14ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، سیرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنی لە تەلئەبیب رای گەیاند، جەنگەكە كە روویەكی هەرێمی و جیهانیی گرتووەتەوە، گەیشتووەتە ئاستی یەكلاكەرەوە، بۆیە جەنگ راناوەستێت تا رژێمەكە بەكۆتا دێت.
كاتس زیاتر گوتی، چالاكییە سەربازییەكان بەردەوامییان دەبێت تا هەر كوێ بڕ بكات، بەردەوام دەبین لە بەدەستخستنی ئامانجەكانمان وەك پلانی بۆ دانراوە، ئەویش رووخانی رژێمی ئێرانە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەوەشی ئاشكرا كرد، هێزی ئاسمانیی وڵاتەكەی زۆر توندتر لە لێدانی ئێران بەردەوام دەبێت، چونكە تاران كردەی تیرۆریستی لە تەواوی دنیادا پێڕەو دەكات و مەترسییەكی رژدیشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی كە بووەتە هەڕەشەیەكی رژد بۆ داخستنی گەرووی هورمز.
دواتریش یسرائیل كاتس گوتی، وێڕای ئەوەی رژێمی ئێران گەلەكەی ئازار دەدات و تۆقاندووە، كەچی ئێستە دەیەوێ خۆی رزگار بكات كە رێگە بەوە نادەین، ئێستەیش كاتی خەباتی گەلی ئێرانە و ئەویش تاكە رێگەیە بۆ وەستانی رووبەڕووبوونەوەكە، واتە ئەوان بەردەوام دەبن لە پاڵەپەستۆی سەربازی تا جووڵەیەكی سیاسی لە ناوەوە روو دەدات.
هەموو ئاماژەكان لەسەر چاوەكانن تا ببینرێ راپەڕینی جەماوەری لە ئێران دەست پێ بكات كە ئەنجامی رووخانی رژێمەكەیە.
پێشتر بە ناوەندگیریی عومان، سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عومان و جنێڤ بەڕێوە چوون، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران دانوستانەكانی بە "باش" ناو برد، بەڵام هیچ ئەنجامێكی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی، بۆیە بەیانیی رۆژی شەموو 28ی شوبات، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا، هێرشی كردە سەر ئێران و هێرشەكەیش جیا لە تاران، پێنج پارێزگای گرتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆریش بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كوژراون، لەناویاندا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و عەلی شەمخانی و عەبدولڕەحیم مووسەوی و زۆری تر لە بەرپرس و فەرماندەكانی ئەو وڵاتە. جەنگیش تا ئێستە بەردەوامە و پلانەكەیش رووخانی رژێمەكەیە.