وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات سەركۆنەی هێرشكردنە سەر كونسوڵگەكەیان لە هەولێر دەكەن

:: PM:03:39:14/03/2026 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشەی كرد كە بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان  كرایە سەر كونسوڵگەكەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئادار، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە دا، دووەم جارە لە ماوەی یەك هەفتەدا هێرش دەكرێتە سەر كونسوڵگەیان لە هەرێمی كوردستان كە هێرشەكەی ئەمجارە، بووەتە هۆی برینداربوونی دوو كارمەندی تەناهی و زیانی گەورەش بە باڵەخانەی كونسوڵگەكە گەیشتووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دووپاتی كردەوە، بەئامانجگرتنی نێردە و بارەگا دیپلۆماسییەكان، پێشێلكارییەكی روونی هەموو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەكانە، بەتایبەتی رێككەوتننامەی ڤییەنا بۆ پێوەندییە دیپلۆماسییەكان.

ئیمارات پێی وایە كە ئەم جۆرە هێرشانە پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە، داوایش لە حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، لێكۆڵینەوە لە وردەكارییەكانی ئەم هێرشە بكەن بۆ دیاریكردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لێی.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بەشێكی تری راگەیەنراوەكەی بۆ سەركۆنەی هێرشەكە تەرخان كردووە و دەڵێ‌، بە توندی رەتی هەموو ئەو هێرشە ترسنۆكانە دەكەنەوە ئامانجیان تێكدانی ئاسایش و سەقامگیرییە. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم