ئامانجی رەوانەكردنی مارێنز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟

:: PM:05:38:14/03/2026 ‌


لە سێیەم هەفتەی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەركیا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن ئەمەریكا بڕیاری رەوانەكردنی ژمارەیەكی زیاتری هێزە تایبەتەكان و مارێنزی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە، ئەگەرچی شارەزایان پێیان وایە ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی تێكەڵكردنی ئامانجە ستراتیجی و دەروونییەكانە، هاوكات ترساندنی ئێرانە سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز، بەڵام ئەوان چیان پێ دەكرێت؟ 

بەپێی راپۆرتەكان ئەو هێزانەی ئەمەریكا مەشقیان لەسەر دابەزینی سەر وشكانی و پاراستنی باڵوێزخانەكان و رزگاركردنی هاووڵاتییانی مەدەنی و كاری فریاگوزاری پێ كراوە، ئەگەرچی بەرپرسانی ئەمەركیا دەڵێن مەرج نییە هێنانی ئەو هێزانە بۆ هێرشی زەوینی بۆ سەر ئێران بێت، ریچارد وایتز شرۆڤەكاری سەربازی و سیاسی دەڵێت، ئەگەری هەیە هێنانی ئەو هێزە چوار ئامانجی هەبێت، یەكەمیان وەك گوشاری دەروونی و ترساندنی ئێران بە داگیركردنی چەند شوێنێك، دووەم ئامادەسازی بۆ گرتنی دوورگەی خەرج، سێیەم دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمی ئێران، چوارەم یارمەتیدانی وڵاتانی ناوچەكەی هاوپەیمان بۆ ئەمەریكا.

لای خۆیەوە مالكۆم نانس شارەزای سەربازی پێی وایە رەوانەكردنی هێزی تایبەت و مارێنز بۆ ناوچەكە بۆ كۆنترۆڵكردنی دوورگەكانی گەرووی هورمزە، فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەر لە 40 ساڵ ئەو بابەتەیان تاوتوێ كردووە و گەیشتوونەتە ئەوەی ئۆپراسیۆنەكە پێویستی بە شەش هەزار مارێنز بە تەواوی كەرەستەی سەربازییان لەسەر ئەو دوورگانەدا هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل