هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێی نایە سێیەم هەفتە و تا ئێستە دیار نییە كە كەی كۆتایی دێت، لەو ناوەدا ژمارەیك میلیشیا شیعەكان، كە هاوكات لیوایان لەناو حەشدی شەعبی هەیە، دەستیان كردووە بۆ بردمانكردنی بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بۆیە رۆژانە دەكرێنە ئامانج، وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە پارێزگەی سەڵاحەدین رووی دا.
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئاماژەی كرد كە ئەمڕۆ شەموو بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە كەرتی خورماتوو لە رۆژهەڵاتی پارێزگاكە بە درۆن هێرشی كراوەتە سەر و كارمەندێكی بارەگەكە بریندار بووە، كاتێك بارەگەی فەوجی یەكی لیوای52ی حەشدی شەعبی لە كەرتی ئامرلی و خورماتوو لە لایەن درۆنێكی نەناسراوەوە كرایە ئامانج و كارمەندێكی بارەگەكە بریندار بوو.
هاوكات لەگەڵ كردنەئامانجی بنكە سەربازییەكان و نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە بەغدا و هەولێر، بۆردمانكردنی بنكە و بارەگەی میلیشیا شیعەكان لە چەندان ناوچەی عێراق بەردەوامە، ئەمڕۆ لە پارێزگای نەینەوا هاتە راگەیاندن كە ئەو هێرشەی ئەمڕۆ دەزگەی بەسائیری لە شارەدێی بەرتلە لە رۆژهەڵاتی مووسڵ كردووەتە ئامانج، جیا لە زیانی مایەكی، بووەتە هۆی برینداربوونی بەرپرسێكی ئیداریی ناوچەكە و منداڵەكانی و كارمەندێكی حەشدی شەعبی.