هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێرش و هێرشی پێچەوانە لە نێوان ئەمەریكا و میلیشیا شیعەكان لە عێراق بەردەوامە، سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژە دەكات كە ئەمڕۆ جارێكی تر بە درۆن هێرش كرایە سەر ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە فڕۆكەخانەی بەغدا.
سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئەمڕۆ درۆنێك خرایە خوارەوە كە بەرەو ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە فڕۆكەخانەی بەغدا، بنكەی سەربازیی ڤیكتۆریا، هەڵدرابوو، پارچە تێكشكاوەكانی درۆنەكە لە ناوچەی رەزوانییە كەوتنە خوارەوە.
هەر ئەمڕۆ چوار پێگەی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین بە درۆن كرایە ئامانج، لەوانە لە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و باكوری شارۆكەی خورماتوو و دەوروبەری شارۆكەی ئامرلی، یەكێك لە هێرشەكان بارەگەی فەوجی یەكی لیوای 52ی حەشدی شەعبی لە خورماتوو كردبووە ئامانج و بەو هۆیەوە ژمارەیەك كارمەندی حەشدی شەعبی بریندارن.
پێنجشەمی رابردوو ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا كرایە ئامانج، كە بەشێكی فڕۆكەخانەكە بەناوی بنكەی ڤیكتۆریا، پێشتر تایبەت بوو بە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لە ماوەی دوایی چەند جارێك بە درۆن هێرشی كراوەتە سەر، هەر ئەو رۆژە دەوروبەری سەربازگەی سەقر لە باشووری بەغدا هێرشی كرایە سەر و بۆردمان كرا، كە سەربازگەكە هێزی هاوبەشی عێراقی لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لەخۆ گرتووە و دووەم هێرش بوو بكرێتە سەر سەربازگەكە لە ماوەی ئەو رۆژە.
لای خۆیەوە دەستەی حەشدی شەعبی رای گەیاند كە لە سەرەتای ئەم مانگەوە 32 هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بارەگەكانیان، كە لە حەوت شاری عێراق هێرش كراوەتە سەر بارەگەی لیواكانیان لە كەركووك و ئەنبار و نەینەوا و تكریت و واست و بابل و سەڵاحەدین.