ئەمڕۆ شەموو 14ی ئاداری 2026، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەوڵەکانی هاوپەیمانانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ دەست پێ کردنی دانوستانی دیپلۆماسی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران ڕەت کردووەتەوە، کە دوو هەفتە لەمەوبەر بە هێرشێکی گەورەی ئاسمانیی ئەمەریکا و ئیسرائیل، دەستی پێ کرد.
بەپێی زانیارییەکانی سێ سەرچاوەی ئاگەدار کە قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە، نەبوونی ئارەزوو لەلایەن واشنتن و تارانەوە بۆ گفتوگۆ، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەردوولا خۆیان بۆ ململانێیەکی درێژخایەن ئامادە دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە فراوانبوونی جەنگەکە زیانی گیانیی مەدەنی لێ دەکەوێتەوە، داخستنی گەرووی هورمزیش لەلایەن ئێرانەوە نرخی نەوتی بەرز کردووەتەوە.
لای خۆیەوە، ئێران ئەگەری هەر ئاگربەستێکی ڕەت کردووەتەوە تا ئەو کاتەی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل کۆتاییان دێت. دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانی بە "ڕۆیتەرز"یان گوتووە، کە چەند وڵاتێک هەوڵی نێوەندگیرییان داوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، بەڵام تاران مەرجی هەیە، کە بریتییە لە کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە هێرشەکان و قەرەبووکردنەوە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا.