هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی هیچ ئاسۆیەكی روون بۆ ئاگربەست و وەستانی شەڕ لە ئارادا نییە، دۆخەكە روو لە گرژیی زیاتر و توندتربوونی شەڕە، لەو ناوەدا دۆخی ناوخۆی عێراق بە تەواوەتی كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئەو شەڕە و شیعەی نزیك لە ئێران دەیانەوێ عێراق بكەنە بە شێك لە شەڕەكە، لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە باڵوێزخانەی ئەمەركیا داوا لە هاووڵاتییانی دەكات بەپەلە عێراق جێبێڵن.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردووی شەڕ،
باڵوێزخانەی ئەمەریكا چەند جارێك هاووڵاتییانی ئەمەریكای وریا كردەوە لەوەی دەبێت خۆیان بپارێزن و لە شوێنە مەترسیدارەكان دوور بكەونەوە، ئەمڕۆ شەموو جارێكی تر داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی لە عێراق كرد بەپەلە وڵاتەكەی جێبێڵن، ئەوەش لە ئەگەری هێرشی هەڕەمەكیی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران، هاوكات داوای لێ كردن لە باڵوێزخانەی بەغدا و كونسوڵگەی هەولێر نزیك نەبنەوە.
دووپاتی كردەوە كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران چەندان هێرشی هەڕەمەكیان لە دژی هاووڵاتییانی ئەمەریكی و ئامانج و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكات لە تەواوی عێراق ئەنجام داوە، لەوانە لە هەرێمی كوردستان، ناوچەی سەوزی بەغدا چەند جارێك هێرشی كرایە سەر و دەوروبەری فڕۆكەخانەی هەولێر و كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر هێرشیان كرایە سەر، بۆیە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەكان هاووڵاتییانی ئەمەریكا لە باڵوێزخانەی بەغدا و كونسوڵگەی هەولێر نزیك نەبنەوە، بەهۆی بوونی مەترسیی تیرۆر و رفاندن و شەڕ و پشێوی بەپەلە عێراق جێبێڵن.