ئەمڕۆ شەموو 14ی ئاداری 2026، ڕۆژنامەی "جەریدە"ی کووەیتی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێران لە ئۆپراسیۆنێکی "زۆر نهێنی"دا گواستراوەتەوە بۆ مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەهۆی ئەو برینانەی لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە کۆتایی مانگی ڕابردوو پێی گەیشتووە.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای نزیک لە ڕێبەری نوێی ئێرانەوە گواستیەوە، خامنەییی کوڕ بە فڕۆکەیەکی سەربازیی ڕووسیا بەهۆی دۆخی تەندروستی و تەناهییەوە گواستراوەتەوە. دەستبەجێ دوای گەیشتنی، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ کراوە و ئێستە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە ناو یەکێک لە کۆشکەکانی سەرۆکایەتیی ڕووسیا چارەسەر وەردەگرێت.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە پێکانەکەی موجتەبا لە هێرشەکانی 28ی شوباتدا، پێویستی بە نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو و چاودێریی وردی تەندروستی هەبووە، کە دابینکردنی ئەو بارودۆخە لە ناو ئێران بەهۆی بەردەوامیی بۆردومانەکانەوە مەحاڵ بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕای گەیاند کە ڕێبەری نوێ دەکاتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، دەزگا تەناهییەکانی ئێران ترسیان لەوە هەبووە شوێنی موجتەبا خامنەیی لە ڕێگەی چاودێریکردنی ئەو پزیشکانەوە ئاشکرا ببێت کە چارەسەری دەکەن، بۆیە ڕەزامەندییان داوە پێشنیازەکە جێبەجێ بکرێت و لە ڕووسیا چارەسەر وەربگرێت.
ڕۆژنامە کووەیتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا خۆی پێشنیازی چارەسەرکردنی موجتەبای لە ڕووسیا کردووە، ئەوەش لە میانی پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران. دوای ئەوەی بەرپرسانی ئێران پێشنیازەکەیان بە وردی تاوتوێ کردووە، ئێوارەی پێنجشەم موجتەبا گواستراوەتەوە و لەلایەن پزیشکانی ڕووسیا و چەند پزیشکێکی ئێرانیی یاوەرییەوە چارەسەری بۆ دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی ئێرانیی نزیک لە باڵی ڕیفۆرمخوازان بە "جەریدە"ی ڕاگەیاندووە، گومانێکی زۆر هەیە لەو پەیامەی کە بە ناوی خامنەییی کوڕ بڵاو کراوەتەوە، و پێ دەچێت عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی نووسیبێتی، چونکە پەیامەکە تەواو هاوتایە لەگەڵ لێدوانەکانی پێشووی لاریجانی.
ڕۆژنامەکە دووپاتی کردەوە کە خامنەییی کوڕ تەنانەت پەیامەکەشی نەبینیوە، و دەرنەکەوتنی بە ئاشکرا و نەبوونی هیچ تۆمارێکی دەنگی، گومانەکان زیاتر دەکەن. لەم نێوەندەدا بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئیسرائیل زانیاری لەسەر شوێن و دۆخی موجتەبا هەیە، و گوتی "دڵنیاییی ژیانی پێ نادەم"، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ بوونی زانیاریی هەواڵگریی تایبەت لە تەلئەبیب لێک درایەوە.
بەپێی سەرچاوەکان لە قودس، هەواڵگریی ئیسرائیل پێی وایە برینەکەی موجتەبا زۆر لەوە سەختترە کە لە سەرەتادا پێشبینی دەکرا، هەرچەندە زانیاریی دروستیان لەسەر دەرچوونی لە ئێران نەبووە.
لە کۆتاییدا ڕۆژنامە کووەیتییەکە باس لەوە دەکات کە ئەوان یەکەم سەرچاوە بوون لە چواری ئەم مانگەدا ئاشکرایان کرد، موجتەبا لە لای چەپی سەرییەوە تا قاچەکانی بریندار بووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە کاتی هێرشەکەی سەر تاران، داروپەردووی باڵەخانەکە لە نزیکی کەوتووەتە خوارەوە.