شەرق ئەوسەت: تیرۆریستە گیراوەكان بە هێرشی میلیشیاكان دڵخۆشن
وەزارەتی دادی عێراق لە راگەیەنراوێكدا هۆشداری لە مەترسیی هێرشی میلیشیاكان دەدات بۆ سەر گرتووخانەكان، بە تایبەتی ئەوانەی گیراوی داعشی تێدایە. رۆژنامەی شەرق ئەوسەتیش ئاشكرای دەكات، تیرۆریستە گیراوەكانی گرتووخانەكانی عێراق لە كاتی بیستنی دەنگی درۆن و مووشەكی میلیشیاكان خۆشحاڵ دەبن و "تەكبیر دەكەن".
ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئادار،
وەزارەتی دادی عێراق لە راگەیەنراوێكدا هۆشداری دەدات لەوەی هێرشی میلیشیاكان ببێتە هۆی ئەوەی گرتووخانەكان زیانیان بەر بكەوێت، لە ئەنجامدا تیرۆریستان رابكەن. هەروەها دووپاتی دەكاتەوە، كە ئەم هێرشانە مایەی نیگەرانین.
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی داد هاتووە، "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند ناوچەیەكی دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدا و گرتووخانەی ناوەندی چەند هێرشێكی کراوەتە سەر، كە توندترینیان شەوی شەموو بوو و هەندێكیان زۆر نزیك بوون لە گرتووخانەكە، ئەمەیش ترسی ئەوەی هەیە كاریگەری هەبێت بۆ تەناهیی گرتووخانەكە كە چەندان تیرۆریستی ترسناك لەخۆ دەگرێت".
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت باس لەوە دەكات، سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای كردووە لەكاتی هێرشەكان لە ناو گرتووخانەكە دەنگی تەكبیر بیستراوە و دڵخۆشن، چونكە وا دەزانن بارودۆخ خراپ بووە و كاتی راكردن هاتووە.
لە مانگی رابردوودا، ئەمەریكا پێنج هەزار و 700 تیرۆریستی لە گرتووخانەكانی رۆژئاوای كوردستان و سووریا، بۆ گرتووخانەكانی عێراق گواستەوە.