بە پێنج درۆن هێرش كرایە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و لەلایەن سیستمی بەرگریی ئەمەریكا، هێرشەكە تێك شكێنرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 15ی ئادار، دەنگی چەند تەقینەوەیەكی بەهێز بەغدای هەژاند، سەرچاوەیەكی تەناهی بە ماڵپەڕی
سۆمەریە نیوزی راگەیاند، دەنگی تەقینەوەكان بەهۆی تێكشكاندنی پێنج درۆن بوو، كە هێرشیان كردە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا.
درۆنەكانیش لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریكاوە خراونەتە خوارەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی شەفەق نیوز لە هێرشەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ چوار كەس لە هێزە عێراقییەكان بریندارن.
هاوكات میدیای عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، لە ناوچەی رەزوانییەی رۆژئاوای بەغدا، دەست بەسەر سەكۆی مووشەكی گیراوە، كە میلیشیاكان بۆ هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و سەربازگەی ڤیكتۆریا و چەند ناوچەیەكی تر بەكاریان هێناوە.
ئەمڕۆ باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا رای گەیاند، هێرشی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە قۆناغی ئێستەدا شێوەیەكی هەڕەمەكی هەیە، بۆیە هۆشداری بە ئەمەریكییەكان دا بۆ ئەوە عێراق جێبهڵن.
هەر ئەمڕۆ باڵوێزەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق كۆبوونەوە، تاوتوێی ئەو هێرشانەیان كرد و بە شێوەیەكی تایبەتیش سەركۆنەی ئەو هێرشانەیان كرد كە میلیشیاكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن.