"شیعە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ دوای كۆتاهاتنی شەڕ دوا دەخەن"

:: PM:08:48:16/03/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە، عێراق بە تەواوەتیی كاریگەریی ئەو شەڕەی لە چەندان بوار كەوتووەتە سەر لەوانە سیاسی و تەناهی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و هیتریش، لەو كاتەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق و پەككەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و دامەزراندنی كابینەی نوێی حكوومەت بەردەوامە، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە هێزەكانی چوارچێوە وا رێككەوتوون ئەو بابەتانە لە دوای كۆتاهاتنی شەڕی ئەمەریكا و ئێران یەكلا بكەنەوە.

سەرچاوەیەك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند كە سەركردەكانی ئەو قەوارە لەسەر دواخستنی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بۆ دوای كۆتاهاتنی شەڕی ئەمەریكا و ئێران رێك كەوتوون، ئەگەرچی تا ئێستە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كاندیدی شیعە و چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، بەڵام كاندیدبوونەكە تا كۆتاهاتنی شەڕ بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.

دووپاتی كردەوە، سەركردەكانی چوارچێوە لە كۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و ئابووری و تەناهیی عێراق، ئەوان هەندێك دەسەڵاتی زیاتریان بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر داوە بۆ ئیدارەدانی تەنگژەكان و وەرگرتنی بڕیاری گونجاو بەرانبەریان، بەو پێیەی لە بڕیارەكانی بۆ سەركردەكانی چوارچێوە بگەڕێتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل