ئەمڕۆ دووشەم 16ی ئاداری 2026، ماڵپەڕی "ئەكسيۆس"ی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەناڵێکی پێوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمەریکا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کارا کراوەتەوە، ئەمەش بەپێی گوتەی بەرپرسێکی ئەمەریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە داوە کە هەرچەندە ڕوون نییە ناوەڕۆکی ئەو نامانەی لە نێوان عێراقچی و ویتکۆف ئاڵوگۆڕ کراون چەندە گرنگن، بەڵام ئەمە یەکەمین پێوەندیی ڕاستەوخۆی زانراوە لە نێوان هەردوولادا لەوەتەی جەنگەکە لە زیاتر لە دوو هەفتە لەمەوبەرەوە دەستی پێ کردووە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە عێراقچی کورتەنامەی بۆ ویتکۆف ناردووە و تیشکی خستووەتە سەر کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. پێشتر بڵاو کرابووەوە کە ویتکۆف نامەی ناردووە و عێراقچی پشتگوێی خستووە، بەڵام بەرپرسە ئەمەریکییەکە ڕای گەیاندووە کە عێراقچی خۆی هەوڵی داوە پێوەندییەکە دروست بکات، هەرچەندە دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا لەگەڵ ئێران "قسە ناکات".
لە لایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەم ڕای گەیاند کە ئێران پێوەندیی بە ئەمەریکاوە کردووە، بەڵام ڕوون نییە ئایا ئەو بەرپرسە ئێرانییانە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە ڕێککەوتن بکەن یان نا. ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن. قسە لەگەڵ خەڵکەکەمان دەکەن، ئێمە خەڵکانێکمان هەیە کە دەیانەوێت دانوستان بکەن، بەڵام هیچ بیرۆکەیەکمان نییە کە ئەوانە کێن.