ماڵپەڕی عەین ئەخباری ئیماراتی ئاشكرای دەكات، شەوی رابردوو لە گەڕەكی جادرییە بەغدا هێرش كراوەتە سەر ماڵی بەرپرسەكانی حەشدی شەعبی، چەند سەركردەیەكیان كوژران و دوو بەرپرسی سوپای پاسدارانیش كە لە شوێنەكە بوون كوژراون.
ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئادار، چەند سەرچاوەیەكی عێراقی بۆ ماڵپەڕی
عەین ئەخباری ئیماراتی ئاشكرایان كردووە، شەوی رابردوو هێرشێكی ئاسمانی كراوەتە سەر ماڵی بەرپرسانی میلیشیاكانی عێراق لە ناوچەی جادرییەی بەغدا.
سەرچاوەكان باسیان لەوە كردووە لە كاتی هێرشەكەدا دوو بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران كوژراون، یەكێكیان حامد ناسرییە و ئەوی تریان عەلی كەریمیانە كە بە "حاجی ئەبوسادق" ناسراوە، حامد ناسریش بەرپرسی رێكخستنی هێرشی میلیشیاكان بووە.
هەروەها لە هێرشەكەدا دوو بەرپرسی تر كوژراون، یەكێكیان سەلاح مەگسووسی بەرپرسی توانای ئەندازەییە لە حەشدی شەعبی و لەگەڵ تاڵیب مووسەوی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان بووە لە دیالە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، هێرش كراوەتە سەر ماڵی عەبدولعەزیز محەمەداوی "ئەبو فەدەك" كە بە سوپاسالاری حەشدی شەعبی دەناسرێت، لەگەڵ ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی میلیشیای سەید شوهەدا. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی عەین ئەبو ئالا لە ماڵەوە نەبووە.
لە 28ی شوباتی رابردووەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل، میلیشیاكانی عێراق شەڕیان راگەیاندووە و بەردەوام هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان و بەغدا، ئەویش بە پاساوی لێدانی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و بەردەوامیش بۆردمان دەكرێن، بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئەمەریكا ئەو هێرشانە ئەنجام دەدات كە دەكرێتە سەر میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراقدا.