دوای ئەوەی لە چەند شەوی رابردوو لە بەغدا هێرش كرایە سەر چەند ئامانجێك و چەند بەرپرس و فەرماندەیەكی میلیشیاكان كوژران، ئەندامێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە باسی ئەو هێرشانە ئاماژە دەكات كە رووداوی مەترسیدارن و وریایی لە زیادبوونی كوشتن لە عێراق دا.
عەبدولسەمەد زەرگوشی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند، دۆخی عێراق بەرەو زیادبوونی كردنەئامانجی راستەوخۆی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ بنكە و بارەگە تەناهییەكان لە چەند پارێزگایەك دەچێت، كە بووەتە هۆی كەوتنەوەی كوژراو و بریندار، ئەو دۆخەش رۆژ دوای رۆژ دێتە پەرەسەندن و دەچێتە چوارچێوەی شێواندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی.
روونی كردەوە، ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە جادرییە لە بەغدا رووی دا ئاماژە بۆ پەرەسەندنێكی مەترسیدارە، رەنگە دەرگە لەبەردەم بەردەوامبوونی كارەكە بكاتەوە تا گەیشتن بە قۆناغی مەترسیدارتر، بەردەوامیی ئەو دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێكی ناسەقامگیر و رووداوەكانی دوایی بەغدا، واتە ئەوەی كەرادە و ئەوەی جادریە، لە بەرەبەیانی شەمووی رابردوو و ئەمڕۆ، رەنگە ئاماژەیەك بن بۆ دەست پێكردنی سیناریۆی كردنەئامانجی سەركردە دیارەكانی میلیشیاكان و كەسانی نزیك لەوانەوە.