هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران بەردەوامە، دوای دەست پێكردنی هێرشەكان، ئێران راستەوخۆ لە رێگەی بۆردمانكردنی ئیسرائیل و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە و ولاتانی كەنداو و عێراق وەڵام دەداتەوە، جیا لە هاندانی میلیشیاكان لە عێراق بۆ هێرشكردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەكان، بەپێی سەرچاوەیەك نێردە دیپلۆماسییەكانی سعوودیە و قەتەر بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەغدایان جێ هێشتووە.
ئەمڕۆ سێشەم
سەرچاوەیەكی باڵای دیپلۆماسی رای گەیاند، بەهۆی پەرەسەندنەكانی دوایی ناوچەكە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەم نێردەی دیپلۆماسیی سعوودیە عێراقیان جێ هێشتووە، ئەوان تا دوای كۆتاهاتنی شەڕ لە ناوچەكە ناگەڕێنەوە، هەروەها نێردەی دپلۆماسیی قەتەر ئەویش عێراقی جێ هێشتووە و وادەی گەڕانەوەی دیاری نەكردووە.
بەپێی سەرچاوەكە ئەو هەنگاوە لە دوای هێرشەكانی دوایی عێراق هات، بەتایبەتی هێرشی میلیشیاكان بە درۆن بۆ سەر هوتێل رەشید لە بەغدا، وای لە نێردە دیپلۆماسییەكانی سعوودیە و قەتەر كرد بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی خۆپارێزی و رۆیشتن لە عێراق.
رۆیشتنی ئەو نێردە دیپلۆماسییانە دەرگە لەسەر رۆیشتنی زیاتری نێردە دیپلۆماسییەكان دەكاتەوە، كە حكوومەتی عێراق دەخاتە هەڵوێسیتێكی شەرمەزاری دیپلۆماسییەوە، بۆیەش بە بەردەوام ئەو هێرشانە رەت دەكاتەوە، لەوكاتەی میلیشیاكان هەموو هەوڵێك دەدەن عێراق بكەنە بەشێك لەو شەڕەی لە ناوچەكە هەیە.