پۆل سولیڤان: جەنگی ئێران بە خێرایی کۆتایی نایەت و ئەوە تەنیا درۆیەکی سیاسییە

:: PM:08:24:17/03/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئاداری 2026، لە کاتێکدا سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا باس لە "سەرکەوتنی خێرا" دەکەن لەو جەنگەی دژی ئێران بەڕێوە دەچێت، شارەزایانی وزە دیمەنێکی ئاڵۆزتر و تاریکتر دەبینن. ئەوان هۆکاری ئەوە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە ئێران عێراق نییە، و گەرووی هورمزیش تەنیا ڕێڕەوێکی ئاوی نییە، بەڵکوو ئەو "شوێنە تەسكەیە" کە ئابووریی جیهانی تێدا دەخنکێت.

لەو بارەیەوە، پۆل سولیڤان شارەزای ئەمەریکایی لە ئاسایشی وزە و جیۆپۆلەتیک، کە یەکێکە لە دیارترین ئەو عەقڵانەی بۆ ماوەی چوار دەیە چاودێریی قەیرانەکانی وزەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، دەڵێت، ئەگەر سەرۆک ترەمپ لە دوورگەی خەرگ بدات، ئەوا نرخی نەوت بە شێوەیەکی وا دەتەقێتەوە کە زۆر تێدەپەڕێت لەو کەمبوونەوە ڕاستەقینەیەی لە بەرهەمهێنان و پاڵاوتندا لەوێ دروست دەبێت.

سولیڤان زیاتر گوتی، نرخەکان بەرز دەبنەوە بەهۆی ئەو مەترسییەی کە هێرشەکە دروستی دەکات. هیچ بیرۆکەیەکم نییە بزانم دەگەینە چ نرخێک، بەڵام یەک شتت پێ دەڵێم: بە ڕژدی بیر لە کڕینی پاسکیلێک دەکەمەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بۆ ئەمەریکاییەکان بارودۆخەکە زۆر خراپ نابێت چونکە زۆربەیان باری داراییان باشە، بەڵام بۆ میسرییەکان کارەساتبار دەبێت. چەند میسرییەک ئێستە دەتوانن بەرگەی نرخی سووتەمەنی بگرن؟ ئەوان لەسەر لێوار دەژین. زۆرێک لە وڵاتە هەژارەکانی وەک پاکستان، سریلانکا و بەنگلادیشیش بە سەختی ئازار دەچێژن.

سولیڤان ڕوونی کردەوە کە ئەم نرخە بەرزانە کاریگەرییان لەسەر ماسیگران، شۆفێرانی تەکسی و هەر کەسێک دەبێت کە پێویستی بە هاتوچۆ هەیە، و تێچووی بژێوی بە شێوەیەکی شێتانە بەرز دەکاتەوە.

ئەو شارەزایە دووپاتی کردەوە، گرنگترین شت خێراییی بەرزبوونەوەکەیە،  ئەگەر نرخی بەرمیلێک بە خێرایی باز بدات بۆ 150 دۆلار، ئەوە کارەساتەکەیە. بەڵام ئەگەر بە هێواشی و لە ماوەی دوو مانگدا بەرز ببێتەوە، لەوانەیە جیاواز بێت. بەڵام پێم وا نییە ئەم ململانێیە لە ماوەی سێ مانگدا کۆتایی بێت.

سولیڤان نموونەی بە عێراق هێناوەتەوە و دەڵێت، عێراق بهێننەوە یاد،  ڕامسفێڵد چی گوت؟ سێ ڕۆژ، سێ هەفتە، بەڵام هەرگیز نەیوست سێ مانگ یان سێ ساڵ. کەس نازانێت جەنگەکان چەند دەخایەنن کاتێک دەست پێ دەکەن. قسەکردن لەسەر کۆتاییهاتنی خێرای جەنگ، قسەیەکی ڕووت و سیاسییە و مەحاڵە ڕوو بدات مەگەر ڕووداوێکی زۆر شۆکهێنەر ببێت.

لەبارەی ئێرانیشەوە گوتی، حکوومەتی ئێران دوگمەی کوژانەوەی نییە، حکوومەت یەک کەس یان یەک پەرلەمان نییە،  بەسەر چەندان هەرێم و ویلایەتدا دابەش بووە... ئێران بە قۆناغگەلێک لە عێراق ئاڵۆزترە چیاکان، بیابانە خوێییەکان، نەتەوە جیاوازەکان و ژمارەی دانیشتووانی کە لە 90 ملیۆن تێدەپەڕێت، لەگەڵ گەلێک کە 47 ساڵە ئازاری ئابووریی چەشتووە. کەسایەتیی ئێرانی یان بە تەواوی ملکەچ دەبێت یان دڕندەتر و بەهێزتر دەبێت. زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان ئەمە تێناگەن و ئێران لەگەڵ ڤەنزوێلا یان عێراق تێکەڵ دەکەن.

سەبارەت بە گەرووی هورمز، سولیڤان دەڵێت، گەرووی هورمز شوێنێکی زۆر تەسکە، ئەو ڕێڕەوەی کەشتییەکان پێیدا تێدەپەڕن پانییەکەی تەنیا شەش کیلۆمەترە. کەشتییە زەبەلاحەکان وەک قازی وەستاو (Sitting Ducks) وان لەوێ. بەسە دوو کەشتیی گەورە بتەقێنرێنەوە، نرخی نەوت لە ڕووی دەروونییەوە بۆ ئاستێک بەرز دەبێتەوە کە نایزانم.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سولیڤان ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئێران گرت و گوتی، ئێرانییەکان هێرشیان کردووەتە سەر هۆتێلەکان، فڕۆکەخانە و دامەزراوە نەوتییەکان، کە ئەمانە موڵکی ئەمەریکا نین. ئەوان درۆ دەکەن کە دەڵێن تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکەنە ئامانج.

سەبارەت بە عێراقیش هۆشداریی دا، عێراق تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن ئێرانییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەوان ئابووریی خۆیان هەمەجۆر نەکردووە. نزیکەی 85٪ی ئابووریی عێراق بە ناو دامەزراوەکانی باشووردا تێدەپەڕێت. شۆکەکە لەوێ زۆر گەورە دەبێت. عێراق هەرگیز بووژانەوە بەخۆیەوە نابینێت ئەگەر نەتوانێت نەوتەکەی دەربهێنێت.

لەبارەی یەدەگی ستراتیجیی ئەمەریکاوە، گوتی هەرچەندە باشترینە وەک ترەمپ دەڵێت، بەڵام دەرهێنان و گەیاندنی نەوت بۆ بازاڕەکان لانیکەم مانگێکی پێویستە، چونکە کارەکە بە کرتەیەک ناکرێت وەک ئەوەی خەڵک بیری لێ دەکاتەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا لە ڕووی وزەوە سەربەخۆ نییە وەک ئەوەی سیاسەتمەداران بانگەشەی بۆ دەکەن و هێشتا نەوتی قورس لە کەنەداوە هاوردە دەکەن.

لە کۆتاییدا، سولیڤان ڕەخنەی لە پلانەکانی ئیسرائیل گرت و گوتی، من بە هیچ شێوەیەک لە شێوازی بیرکردنەوەی نەتانیاهۆ تێناگەم. من تەواو قەناعەتم وایە کە پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ هێزی نەرم، مۆتۆکەی (ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە)ی ترەمپ بێ سوودە ئەگەر دیپلۆماسیەت پشتگوێ بخرێت." هەروەها گوتی، خەڵک ئازار دەچێژن لە ماسیگرانی تایلەندەوە تا قوتابخانەکانی هیندستان. بیر لەو منداڵە تۆقاوە بکەنەوە کە مووشەک بەسەر سەریانەوە دەبینن. من بێزارم لە جەنگەکان و دەمەوێت ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن.


وشە - پۆڵا مەحموود