راپۆرتێك: ئەبو عەلی عەسكەری كەسێكی دیاریكراو نەبووە

:: PM:08:55:17/03/2026 ‌

دوێنێ كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی كوژرانی ئەبو عەلی عەسكەری بەرپرسی تەناهیی گرووپەكەی راگەیاند، بێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر باس بكات، تەنیا ئەوەندەی گوت كە هەواڵی كوژرانی حاجی ئەبو عەلی عەسكەری رادەگەیەنن، ئەو دەماری پێوەندیی نێوان گۆڕەپانەكان و سەكۆ میدیاییەكان بووە، راپۆرتێك ئاماژە دەكات كە ئەوەی كوژراوە یەكێكە لەوانەی بە ناوی ئەبو عەلی عەسكەری لێدوانیان بڵاو كردووتەوە.  

بەپێی راپۆرتەكە ئەبو عەلی عەسكەری كە دوێنێ كوژرانی هاتە راگەیاندن، سیستمێكی تەواوی دیپلۆماسی بووە و نوێنەرایەتیی سوپای پاسدارانی لە عێراق كردووە، نەك تەنیا كەسێك بێت و كوژرا بێت، ئەو حیساب و لاپەڕەیەكی شاراوە بوو لە تۆڕی ئێكس، ناونیشانی كۆمەڵە پیاوێك بوو كە بەدوای یەك ئەركی باڵوێزی سێبەریان لە عێراق هەبوو، واتە ئەوانە سیاسەتەكانی ئێرانیان بە تەواوی وردەكارییەكانی جێبەجێ دەكرد، لەوانە سەپاندنی بڕیارەكان بەسەر بڕیاری سیاسیی عێراق.

ماوەی پێنج ساڵە ئەو ناوە، واتە لاپەڕەی ئەبو عەلی عەسكەری لە تۆڕی ئێكس زنجیرەیەكی هەڵوێستی توند بە ناوی میلیشیاكان بەسەر عێراق دەسەپێنێت، كە بریتی بوون لە هەڵوێستی نافەرمیی ئێران و باڵوێزی ئێران بە فەرمی ئەوانەی نەدەگوت و لەو رێگەوە بڵاو دەكرانەوە، چەند جارێك ئەو لاپەڕەیە دەسڕایەوە یان بلۆك دەكرا و جارێكی تر دادەنرایەوە، بۆیە بە بەردەوام ئەو لاپەڕە مەتەڵێك بوو.

هیشام هاشمی توێژەری سیتراتیجی و تەناهیی عێراقی بەر لە كوژرانی لە لایەن كەتیبەكانی حزبوڵا لە 2020، لە باسی ئەبو عەلی عەسكەری گوتی، ئەو حوسێن موئنیسی پەرلەمانتاری كەتیبەكانی حزبوڵایە لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای ئاشكراكردنی چەند زانیارییەكی تر لەسەر كەتیبەكان لە ناوەڕاستی بەغدا هاشمی كوژراو و دوای گرتنی بكوژەكە، ئازاد كرا.

لاپەڕەی ئەبو عەلی عەسكەری بریتی بوو لە كۆمەڵە كەسێك كە بەرپرسیارەتییان لەناو كەتیبەكانی حزبوڵا هەبووە، لە لایەن سوپای پاسدارانەوە مەشقی زۆریان پێ كراوە بۆ داڕشتنی دەقی بڵاوكراوەكان وەك ئەوەی ئێران دەیەوێت، ئەو ناونیشانی یەكێك لە مەترسیدارترین ئەركە ستراتیجییەكانی ئێران بووە لە عێراق و لێدوانەكانی پرۆسەی سیاسییان بەو شێوە ئاراستە كردووە كە ئێران ویستوویەتی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل