ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئاداری 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکدا بە فەرمی کوژرانی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی ڕاگەیاند و هەڕەشەی توندی تۆڵەسەندنەوەی کرد.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆماری ئێران خەم و پەژارەی قووڵی خۆی بۆ لەدەستدانی لاریجانی دەربڕی و بە کەسایەتییەکی دیار و بەنرخی وەسف کرد کە خزمەتێکی زۆری لە پۆستە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیدا کردووە، بەتایبەتی لە ماوەی کارکردنیدا لە پەرلەمان و لەم ماوەیەی دواییشدا وەک ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە دا کە لاریجانی لەلایەن "تاوانبارترین ڕژێمی مێژووی مرۆڤایەتییەوە" (کە مەبەست لێی ئیسرائیلە) خوێنی ڕژاوە، و بەڵێنی دا کە "تۆڵەیەکی سەخت چاوەڕێی ئەو تاوانبارە تیرۆریستانە دەکات کە دەستی پیسیان چووەتە خوێنی شەهیدانی مەزڵووم و خۆڕاگری خاکی پیرۆزی ئێران لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا."
هەروەها باسی لەوە کرد کە لاریجانی لە کاتی کارکردنیدا لە ناو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، هەموو هەوڵێکی بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی خستە گەڕ، بەوەش بووە ئامانجی کینەی ڕژێمی زایۆنی.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا پزیشکیان دووپاتی کردەوە، "ڕێبازی خۆڕاگری و بەرگری لەگەڵ عەقڵانیەت و دووربینی، تەنانەت لە غیابی ئەم برایەشدا بەردەوام دەبێت و سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە چاوەڕێی گەلی ئێران دەکات."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆماری ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، خانەوادەی لاریجانی و تەواوی گەلی ئێران کرد.