ئەو هێلەی نەوتی كەركووك رەوانە دەكات زیاتر چوار هەزار كونی تێدایە
بۆ تەواوكردنی هێڵەكانمان پارەمان نییە و چوار ملیار دۆلارمان دەوێ
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بەر لەوەی رێككەوتن لەگەڵ هەرێم بكرێت دەیگوت، "بێ ئەوەی بە هەرێم تێپەڕێت، نەوت رەوانەی بەندەری جەیهان دەكەین". دووپاتیشی دەكردەوە بە یەك هەفتە ئەم كارە دەكەن، كەچی ئەمشەو لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، "ئەو بۆڕییە نەوتی كەركووك بە بەندەری جەیهان دەگەیەنێت، زیاتر لە چوار هەزار كونی لێ كراوە" هەرچەندە دەڵێ، "چاك كراوەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە وادەی ئامادەبوونی ناكات".
كاتێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ ئامادە نەبوو نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕییەكانی هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی بكرێت، بۆ ئەمەیش كۆمەڵێك مەرجی هەبوو. كاتێك حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە بەردەم پێداگرییەكەی هەرێمی كوردستان بێ ئومێد بوو، كۆمەڵێك بانگەشەی كرد، لەوانە 200 بەرمیل نەوت بە تانكەر رەوانەی ئوردن و سووریا و توركیا دەكات، هێڵی كەركووك- بانیاس نۆژەن دەكاتەوە، پڕۆژەی بەسرە- عەقەبە دەست پێ دەكات كە بە شارۆچكەی حەدیسەی رۆژئاوای عێراق تێپەڕ دەبێت.
دواتر وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی دەكردەوە، بۆڕیی نەوتی كەركووك- فیشخاپوور- جیهان تەواو بووە، بێ ئەوەی حكوومەتی عێراق پێویستی بە هەرێمی كوردستان بێت، نەوت رەوانەی جەیهان دەكات و ئەم كارەیش لە ماوەی هەفتەیەك ئەنجام دەدرێت.
بەڵام دوای ئەوەی شەوی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی رێككەوتنیان راگەیاند، بۆ هەناردەی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، ئەمشەو وەزیری نەوت لە دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق قسەی كردووە، زۆر لە قسەكانی گۆڕیوە. لەوانە لەسەر بۆڕییەكەی كەركووك- فیشخاپوور دەڵێ، "تووشی هێرش و زیانی زۆر بووەتەوە لەلایەن مافیاكانی داعشەوە، زیاتر لە چوار هەزار كونی تێدا بووە، وەزارەت توانیویەتی چاكیان بكاتەوە و ئێستە پشكنینیان بۆ دەكرێت" لە قسەكانی وەزیری نەوتی عێراق باسی وادەی ئامادەبوونی ناكات، بەڵكو باس لەوە دەكات "پێویستیان بە پارەیە كە بڕەكەی زیاتر لە چوار ملیار دۆلار بێت، بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی بۆرییەكانی بەسرە- حەدیسە بە درێژایی 670 كیلۆمەتر، بە دوو ئاراستە یەكێكیان بۆ خاكی سووریا و ئەویتریان بۆ فیشخاپوور".
ئەو لێدوانانەی وەزیری نەوتی عێراق لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوی فەرمی پەرلەمانی عێراقدا ئاماژەی بۆ كراوە، هەروەها ئاماژەیەكی كورت بەوەیش كراوە باس لە هەناردەی نەوت بە بەرمیل كراوە، بەڵام هیچ رژدبوونێكی لەسەر نییە. لە بەرانبەردا پەرلەمانتاران رەخنەیان لە وەزیری نەوت گرتووە و داوایان لێ كردووە بۆڕییەكان چاك بكاتەوە و پڕۆژەی ستراتیجیی هەبێت.