كەناڵی كان 11ی ئیسرائیل وردەكاریی كوشتنی عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی بالاێ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاشكرا دەكات و دەڵێ، "20 بۆمبی بۆ هەڵراوەتە خوارەوە كێشی هەر یەكەیان تۆنێك بووە".
ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئادار،
كەناڵی كان 11 لە سەرچاوە ئیسرائیلییەكان، وردەكاریی كوشتنی عەلی لاریجانی بڵاو كردەوە، سەرەتا دووپاتی ئەوە كراوەتەوە لە 28ی مانگی رابردوو، واتە لە یەكەم رۆژی هێرشەكانی ئیسرائیل لاریجانی بە ئامانج گیراوە، بەڵام پلانەكە سەركەوتوو نەبووە.
لە شەوی دووشەم سەعات یەك و 50 خولەكی شەو، لە سەرچاوە هەواڵگرییەكان زانیاریی بە فەرماندەی هێزی ئاسمانی دەدرێت كە شوێنی لاریجانی دەستنیشان كراوە، ئەویش یەكسەر داوای وەرگرتنی رەزامەندی دەكات و هێرشەكە ئەنجام دەدرێت.
شوێنی لاریجانی لە شوقەیەك بووە كە لە دەوروبەری تاران بووە و خۆی لەوێ حەشار داوە و كوڕەكەی لەگەڵ بووە، كاتێك رەزامەندیی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكە دەدرێت، فڕۆكە جەنگییەكان 20 بۆمبیان هەڵداوەتە خوارەوە كە كێشی هەریەكەیان تۆنێك بووە. لە ئەنجامدا تەواوی باڵەخانەكە رووخاوە و لاریجانی و كوڕەكەی لە هێرشەكەدا كوژراون.
لە ماوەی رابردوودا ئیسرائیل چەندان بەرپرسی ئێرانی كوشتووە، بەڵام دوێنێ كاتێك هەواڵی كوشتنی لاریجانی بڵاو كرایەوە، میدیای ئیسرائیل لاریجانیان بە "رابەری راستەقینەی ئێران دوای خامنەیی" وەسف كرد.