ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئاداری 2026، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، پەیامێکی لەدوای کوژرانی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەیدا، خامنەیی دەڵێت بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی ئازاربەخشی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و نوێنەری ڕێبەری لەو ئەنجوومەنەدا، هەروەها کوڕەکەی و چەند هاوکارێکی پێ گەیشت.
ئاماژەی بەوەش داوە کە لاریجانی کەسایەتییەکی زانا، دووربین، زیرەک، پابەند و خاوەن شارەزاییەکی جۆراوجۆر بوو لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، تەناهی، کولتووری و کارگێڕیدا، و لە ماوەی نزیکەی پێنج دەیە لە بەخشین و کارکردن لە جومگە جیاوازەکانی ڕژێمی ئیسلامیدا، بووە کەسایەتییەکی دیار و بەرچاو.
خامنەیی لە پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە، گومان لەوەدا نییە کە تیرۆرکردنی کەسایەتییەکی لەم شێوەیە، گوزارشت لە گرنگییەکەی و قەبارەی ئەو کینەیە دەکات کە دوژمنانی ئیسلام بەرانبەر بەو هەیانە." ڕوونیشی کردووەتەوە "با دوژمنانی ئیسلام بزانن کە ڕشتنی ئەم خوێنانە بەسەر قەدی درەختی ڕژێمی ئیسلامیدا تەنیا هێزی زیاتری پێ دەبەخشێت، و هەموو خوێنێک باجی هەیە، بکوژە تاوانبارەکانیش بەمنزیکانە ئەو باجە دەدەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا موجتەبا خامنەیی دەڵێت، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی خێزانە بەڕێزەکەی، سەرجەم منداڵەکانی و هەموو کەسوکاری دەکەم، بەتایبەتی ئایەتوڵا ئامولی لاریجانی، و لە خوای گەورە داواکارم شەهیدەکان بەر ڕەحمەتی فراوانی خۆی بخات و پلەکانیان بەرز بکاتەوە.