ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئاداری 2026، تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە مانەوەی ڕژێمی ئێران بە واتای بونیادنانەوەی هێزە مووشەکییەکانی دێت.
گابارد لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، مانەوەی ڕژێمی ئێران واتە دووبارە بونیادنانەوەی هێزە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی و ئاماژەی بەوە دا کە ئێران و بریکارەکانی هێشتا توانای ئەوەیان هەیە هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە ڕژێمی ئێران یەکگرتووە، بەڵام بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمانەوە تا ڕادەیەکی زۆر ماندوو و شەکەت بووە، ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ڕژێمی ئێران لەم جەنگە ڕزگاری بێت، ئەوا هەوڵێک دەست پێ دەکات کە چەندان ساڵ دەخایەنێت بۆ بونیادنانەوەی مووشەک و درۆنەکانی.
بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئەمەریکا لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاشکرای کرد، لە هێرشەکانی مانگی حوزەیراندا بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانمان وێران کرد، و لەوەتەی تێکشکاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە، تێبینیمان نەکردووە هیچ هەوڵێک هەبێت بۆ بونیادنانەوەی تواناکانی پیتاندن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو ئێران خێراتر لەوەی پلانی بۆ دانرابوو بەڕێوە دەچن، و بۆ چەند هەفتەی داهاتووش بەردەوام دەبن.
هاوکات ترەمپ سەرکەوتنی هێزەکانی ئەمەریکای لە لەناوبردنی سەرکردەکانی ئێران ڕاگەیاند، و ئاماژەی بەوە دا کە دەستێوەردانەکە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بوو، چونکە تاران تەنیا دوو هەفتە دوور بوو لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.