ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئاداری 2026، حكوومەتی دەوڵەتی ڤاتیکان، داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد کە بە زووترین کات کۆتایی بە جەنگی سەر ئێران بهێنێت، هاوکات هانی ئیسرائیلیشی دا هێرشەکانی بۆ سەر لبنان بوەستێنێت.
پیترۆ پارۆلین وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان، لە بانگەوازێکی ڕاستەوخۆ و نائاساییدا گوتی، پێتان دەڵێم بە زووترین کات کۆتایی بە جەنگ بهێنن.. و واز لە لبنان بهێنن، ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم پەیامە ئاراستەی ئیسرائیلییەکانیش کراوە".
پێشتر، ڕاوێژکارانی ترەمپ ڕایان گەیاندبوو کە سەرۆکی ئەمەریکا زیاتر لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکی حكوومەتی ئیسرائیل ئارەزووی کۆتاییهێنان بە جەنگی سەر ئێران دەکات، و دووپاتیان کردەوە کە هەندێک حیساباتی جیاواز لەبارەی جەنگەکەوە لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیلدا هەیە.
لە لایەکی ترەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاییەوە گواستیەوە کە ئامانجە سەرەکییەکانی ترەمپ بریتین لە وێرانکردنی بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمیی ئێران، هێزی دەریایی و پارەدارکردنی بریکارەکانی. ئەو بەرپرسانە دووپاتیان کردەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا گۆڕینی ڕژێم وەک دەستکەوتێکی زیادە دەبینێت، بەڵام بەنیازە ڕاستەوخۆ دوای بەدیهاتنی ئامانجە سەرەکییەکانیدا کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.