هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، تاران پەنای بۆ داخستنی گەرووی هورمز برد و ئەوەش هەناردنی نەوتی عێراقی زۆر كەم كردەوە، بەغدا داوای لە هەولێر كرد رێگە بدەن نەوتی زیاتر لە رێگەی توركیا هەنادرە بكرێت، دواجار هەولێر رازی بوو، توێژەرێك دووپاتی كردەوە كە ئەوە دووپاتی خواستی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كۆتایی كێشەكان لەگەڵ بەغدا دەكاتەوە.
شێرزاد حوسێن توێژەری سیاسی و ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، هەندێك حزب و هێزی سیاسی هەوڵیان دا بابەتی رۆیشتنی نەوتەكە بكەنە سیاسی و هەرێم بكەنە ئامانج و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هەڵوێست لە دژی دروست بكەن، لەو كاتەی هەر لە سەرەتاوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دژی هەناردنی نەوت نەبووە، بەڵام لە بەرانبەردا داوای مافی هاووڵاتییانی خۆی دەكرد.
زیاتر گوتی، ئێستە لە بەرانبەر بەو كارە بەغدا بەڵێنی بە پاراستنی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی لە هێرشی میلیشیاكان داوە، جیا لە بەڵێندان بۆ سووككردنی كۆتە ئابوورییەكان لەسەر هەرێم و خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لە وادەی دیاریكراوی خۆی.
ئەو توێژەرە ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەمەریكا خواستی هەناردنی نەوتی كەركووكی هەیە و واشنتن بەڵێنی داوە بۆ كاركردنی لەسەر چارەسەركردنێكی ریشەیی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، لەوانە دۆسیەی دەروازە سنوورییەكان.