دیمەشق فرۆشتنی مەی لە یانە و چێشتخانەکان قەدەغە دەکات

:: PM:10:25:18/03/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پارێزگای دیمەشق بڕیارێکی دەرکرد بۆ قەدەغەکردنی پێشکەشکردنی خواردنەوە کحولییەکان لە چێشتخانە و یانە شەوانەکانی ناو پایتەختی سووریا، بەدەر لە فرۆشتنی لە چوارچێوەیەکی جوگرافیای دیاریکراودا.

بەپێی بڕیارەکە کە لە کەناڵی فەرمیی پارێزگاکەوە بڵاو کراوەتەوە، فرۆشتنی خواردنەوە کحولییە داخراوەکان تەنیا لە سێ گەڕەکدا قەتیس کراوە، کە بریتین لە باب تووما، قەساع و باب شەرقی، ئەوەش بەپێی مەرج و رێنوێنی دیاریکراو.

مەرجە نوێیەکان چەند خاڵێک لەخۆ دەگرن، دیارترینیان پابەندبوونە بە دووریی لانی کەم 75 مەتر لە پەرستگە، گۆڕستان و دامەزراوە پەروەردەییەکان، لەگەڵ ڕەچاوکردنی دووریی 20 مەتر لە بنکەکانی پۆلیس و بارەگا فەرمییەکان. سەرباری پێشکەشکردنی بەڵێننامەیەکی پشتڕاستکراوە کە خواردنەوەکان بۆ خواردنەوەی ناو دوکانەکان نافرۆشرێن، بەپێچەوانەوە مۆڵەتەکەیان لێ دەسەندرێتەوە و شوێنەکەیان دادەخرێت.

پارێزگاکە مۆڵەتی سێ مانگی داوەتە ئەو دوکانانەی ئێستە هەن بۆ ئەوەی دۆخی خۆیان لەگەڵ بڕیارە نوێیەکاندا بگونجێنن.

لە گشتاندنەکەی پارێزگادا هاتووە کە ئەم ڕێکارانە وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو سکاڵایانەی پێیان گەیشتووە و لەسەر بنەمای داواکاریی کۆمەڵگە بووە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو دیاردانەی پێچەوانەی ئادابی گشتین.

لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکاندا ڕوون کراوەتەوە کە ئەو ناوچانەی بڕیارەکە نایانگرێتەوە، زۆرینەیان کریستیانن، ئەمەش تا ڕادەیەک هۆکاری قەتیسکردنی ئەو چالاکییە لەو گەڕەکانەدا ڕوون دەکاتەوە بەهۆی سروشتی کۆمەڵایەتیی جیاوازیان بەراورد بە گەڕەکەکانی تری پایتەخت.

هەروەها ئەو گەڕەکانە لە ڕووی مێژووییەوە بە فرەچەشنیی کۆمەڵایەتی و بوونی چێشتخانە و دامەزراوەی گەشتیاری ناسراون کە ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە پێشکەش دەکەن، بۆیە قەتیسکردنی چالاکییەکە لەوێدا کەمترین لێککەوتە و بەرکەوتەی لەگەڵ ناوچەکانی تردا دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود