دەوحە دیپلۆماتکارانی ئێران دەردەكات و 24 سەعات مۆڵەتییان پێ دەدات

:: AM:12:03:19/03/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕای گەیاند کە یاداشتێکی فەرمییان ڕادەستی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەوحە کردووە، کە تێیدا هەریەک لە پاشکۆی سەربازی و پاشکۆی تەناهی لە باڵوێزخانەکە، سەرباری کارمەندانی هەردوو پاشکۆکە، بە کەسانی نەخوازراو دانراون، و داوایان لێ کراوە لە ماوەی کەمتر لە 24 سەعاتدا خاکی وڵاتەکە جێبهێڵن.

ئەم هەنگاوە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا هات کە ئەمڕۆ ئیبراهیم یووسف فەخرۆ بەڕێوەبەری فەرمانگەی پرۆتۆکۆل لە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لەگەڵ عەلی ساڵح ئابادی باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەتەر ئەنجامی دا.

وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم بڕیارە لە ئەنجامی بەئامانجگرتنە دووبارەکانی ئێران و ئەو دەستدرێژییە دڕندانەیە دێت کە کرایە سەر دەوڵەتی قەتەر و سەروەری و ئاسایشەکەی پێشێل کرد، ئەوەش وەک پێشێلکارییەکی ڕوونی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، بڕیارنامەی ژمارە 2817ی ئەنجوومەنی ئاسایش و ڕێساکانی دراوسێیەتیی باش.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دووپاتی کردەوە کە بەردەوامبوونی لایەنی ئێرانی لەسەر ئەم ڕێبازە دوژمنکارییە، ڕووبەڕووی گرتنەبەری ڕێکاری زیاتر دەبێتەوە لەلایەن قەتەرەوە، بە جۆرێک کە پاراستنی سەروەری، ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی مسۆگەر بکات.

هاوکات وەزارەتەکە دووبارە دووپاتی کردەوە کە قەتەر مافی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی خۆی، بەپێی حوکمەکانی یاسای نێودەوڵەتی.

جێگەی باسە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێزەکانی سوپای ئێران چەندان هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو، لە ناویاندا قەتەر، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئێران، لە سەروویانەوە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کوژران.


وشە - پۆڵا مەحموود