میلیشیایەكی عێراق ئامادەیە هێرشەكانی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا بوەستێنێ‌

:: AM:09:34:19/03/2026 ‌
لە یەكەم راگەیەنراوی ئەبو موجاهید عەساف بەرپرسی گشتیی حزبوڵای عێراقی، ئامادەیی میلیشیاكەی بۆ وەستانی هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا راگەیاند، بەڵام كۆمەڵێك مەرجی هەیە، یەكێك لە مەرجەكانیش پێوەندی بەو ترسەوە هەیە كە دوای بۆردمانكردنی بەردەوامی بارەگاكانیان لەلایەن میلیشیاكانەوە دروست بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئادار، بەرپرسی گشتیی كەتائیبی حزبوڵا لە عێراق كە بە ئەبوموجاهید عەساف دەناسرێت، لە راگەیەنراوێكدا ئامادەیی میلیشیاكەی رادەگەیەنێ‌ بۆ وەستاندنی هێرشەكان. 

ئەمە یەكەم راگەیەنراوی ئەبوعەسافە و پێشتر دوای دوو رۆژ لە دەستبەكاربوونی، تەنیا یەك پەیامی لە ئێكس بڵاو كردووەتەوە.

مەرجەكانی عساف ئەوەیە، ئەمەریكا رێگریی بكات لە ئیسرائیل بۆردمانی دەوروبەری بەیرووت نەكات، هەروەها ئەمەریكا خۆی بۆردمانی ناوچەكانی نیشتەجێبوون نەكات لە بەغدا و پارێزگاكان، تەواوی ئەندامانی هەواڵگریی ئەمەریكا ناسراو بە "سی ئای ئەی" بۆ ناو باڵوێزخانەكە بكێشێتەوە.

بەدوور نازانرێت یەكێك لە مەرجەكان پێوەندیی بە خۆپاراستنی میلیشیاكان هەبێت، ئەویش پێوەندی بە "بۆردمانكردنی گەڕەكەكانی ناو بەغدا و شارەكانی تر هەیە". چونكە ئەمەریكا لە ماوەی رابردوودا هیچ گەڕەكێكی عێراقی بۆردمان نەكردووە، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە سەرانی میلیشیاكان كراونەتە ئامانج.

دوێنێ‌ رۆژنامەی عەرەبی جەدید ئاشكرای كرد، میلیشیاكان بارەگاكانیان جێدەهێڵن و روو لە گەڕەكەكان دەكەن، ئەمەیش نیگەرانیی لەلایەن خەڵكەوە دروست كردووە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل