میلیشیاكان زیاتر لە 400 هێرشیان ئەنجام داوە
زیاتر لە 66 جار هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر میلیشیاكانی عێراق
كەناڵی I24ی ئیسرائیل لە راپۆرتێكدا دەڵێ، "عێراق لەوە نزیك دەبێتەوە، ببێتە دەوڵەتێكی هاوشێوەی لبنان، لەبری ئەوە تەنگژە كۆنترۆڵ بكات، ئەوا تەنگژەكە بەڕێوە دەبات". ئەمەیش بەهۆی میلیشیاكانی شیعەوە كە بەگوێرەی زانیارییەكانی كەناڵەكە لە ماوەی رابردوودا 66 جار هێرشی ئاسمانییان كراوەتە سەر.
كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل 24، لە راپۆرتێكدا باس لە هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و شاندە دیپلۆماسییەكان دەكات و ئاشكرای دەكات، تەنیا لە بەغدا بە هێرشی ئاسمانی بارەگاكانی ئەو میلیشیایانە 20 جار بۆردمان كراون، لە پارێزگاكانی تریش 46 جار هێرشیان كراوەتەسەر.
كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل پێی وایە حكوومەتی سوودانی بێ دەسەڵاتە و ناتوانێ هیچ شتێك لەو میلیشیایانە بكات، بۆیە چاودێریان پێیان وایە عێراق لە نموونەی دەوڵەتێكی لاواز دەبێت هاوشێوەی لبنان كە ناتوانێ بەسەر تەنگژە زاڵ بێت، بەڵكو تەنگژەكان بەڕێوە دەبات. بۆیە بەبڕاوی راپۆرتەكە عێراق لە بەردەم ئاژاوەیەكی سیاسی و تەناهیی گەورەدایە.
لە 20 رۆژی رابردوودا میلیشیاكانی سەربە ئێران هێرش دەكەنە سەر هەموو داودەزگاكانی دەوڵەت و شاندە دیپلۆماسییەكان، بە پاساوی ئەوەی بەرژەوەندیی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج. راپۆرتی كەناڵە ئیسرائیلییەكە پێی وایە تا ئێستە زیاتر لە 400 هێرشیان ئەنجام داوە.