ئێران: لەسەر هێرشەكانمان بۆ سەر دامەزراوەكانی نەوت و گاز بەردەوام دەبین

:: PM:01:48:19/03/2026 ‌
دوای هێرشكردنە سەر دامەزراوەكانی وزە لە كوێت و قەتەر و سعوودیە، بارەگای خاتەم ئەنبیای سوپای پاسداران رای گەیاند، هێزەكانی ئێران وەڵامی هێرشی سەر دامەزراوەكانی وزەی داوەتەوە، لەسەر هێرشەكانیش بەردەوام دەبێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئادار، ئێران بە مووشەك هێرشی كردە سەر چەند دامەزراوەیەكی نەوت و گاز لە كوێت و قەتەر و سعوودیە، بارەگای خاتەم ئەنبیا دەڵێ‌، "دوژمن هەڵەیەكی گەورەی كرد كاتێك ژێرخانی وزەی كردە ئامانج، وەڵامی ئێمەیش بەردەوام دەبێت و ناوەستێ‌".

ئەمڕۆ كە بیستەم رۆژی شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریكایە لەگەڵ ئێران، ئەو وڵاتە هێرشی كردە سەر چەند دامەزراوەیەكی وزە لە كەنداو، لەوانە قەتەر رای گەیاند، بە مووشەك هێرش كراوەتە سەر گەورەترین دامەزراوەی گاز، هەروەها كوێت ئاشكرای كرد دوو پاڵاوگەی نەوت بە درۆن هێرشیان كراوەتەسەر. هاوكات هێرشێكیش بۆ سەر پاڵاوگەی سامرفی سعوودی ئەنجام دراوە.

دوێنێ‌ ئیسرائیل رای گەیاند، گەورەترین دامەزراوەی گازی ئێرانی لە باشووری ئەو وڵاتە كردووەتە ئامانج.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل