لە مووسڵ و خورماتوو هێرش كرایە سەر میلیشیاكان

:: PM:03:05:19/03/2026 ‌
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دوو رووداوی جیاوازدا، هێرش كرایە سەر دوو بارەگای میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی مووسڵ و خورماتوو، بەگوێرەی زانیارییەكان، لە هێرشەكەی مووسڵ كوژراو و بریندار هەیە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئادار، جارێكی تر هێرش كرایە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی. هێرشی یەكەم بۆ سەر بارەگایەكی حەشدی شەعبی بوو لە خورماتوو. بەگوێرەی لێدوانێكی قایمقامی شارەكە، هیچ كەسێك زیانی بەرنەكەوتووە.

رووداوی دووەمیش بۆ سەر بارەگایەكی حەشدی شەعبی بوو لە رۆژهەڵاتی مووسڵ، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كەناڵی عەرەبیە لە سەرچاوەیەكی تەناهی عێراقی وەریگرتووە، چەكدارێكی حەشد كوژراوە و سێ كەسیش بریندارن.

بەگوێرەی دوایین ئامار كە شەوی رابردوو میدیای ئیسرائیلی بڵاوی كردووەتەوە، تا ئەوكات 66 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی ئەنجام دراون.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل