هەنگاو: ژنێکی کوردی خەڵکی سەردەشت لە بۆردومانەکەی تاراندا گیانی لەدەست دا

:: PM:11:00:19/03/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئاداری 2026، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی زەعفەرانییە لە تاران، ژنێکی کوردی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی بێریڤان مەولانی کە خەڵکی سەردەشتە، گیانی لەدەست داوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، ئەو ژنە کوردە کە نیشتەجێی تاران بووە، شەوی سێشەم لە ئەنجامی بەئامانجگرتنی ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەڕەکی زەعفەرانییە کوژراوە، و تەرمەکەشی بۆ بەخاکسپاردن بۆ سەردەشت گەڕێنراوەتەوە.

هەنگاو ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە بنەماڵەی بێریڤان لە تاران خەریکی مامەڵەی دراوە بیانییەکان بوون، و خودی بێریڤان زۆربەی مانگەکانی ساڵ لە دوبەی نیشتەجێ بووە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە کاتی ئەو بۆردمانەدا ژمارەیەک لە ماڵە نیشتەجێبوونەکانی ئەو گەڕەکە، لەوانە ماڵی بێریڤان مەولانی لە شەقامی ماکوویی ڕووخاون، و بەهۆیەوە چەند هاووڵاتییەکی مەدەنیی تریش کوژراون.


وشە - پۆڵا مەحموود