رووسیا ئێران دەگۆڕێتەوە بە ئۆكرانیا

:: PM:04:06:21/03/2026 ‌
رووسیا پێشنیاری بۆ ئەمەریكا كردووە كە پێوەندی هەواڵگری لەگەڵ ئێران دەپچڕێنێت، بەمەرجێك ئەمەریكاش پشتیوانییەكانی بۆ ئۆكرانیا كۆتایی پێ بێنێت.

پێگەی پۆلەتیكۆ بڵاویكردەوە، رووسیا پێشنیاری بۆ ئەمەریكا كردووە كە پێوەندی هەواڵگری لەگەڵ ئێران دەپچڕێنێت، بەمەرجێك ئەمەریكاش پشتیوانییەكانی بۆ ئۆكرانیا كۆتایی پێ بێنێت بەڵام دەستبەجێ پێشنیارەكە لەلایەن ئەمەریكاوە رەتكراوەتەوە.

بەگوێرەی پۆلەتیكۆ، مۆسكۆ پێشنیاری پێشكەش بە ئەمریكا كردووە، كە ڕێگە دەدات كرێملن واز لە هاوبەشیكردنی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ ئێران بهێنێت و ئیتر كۆتایی بەهاوكاری لەگەڵ ئێران دێنێت، بەو مەرجەی ئەمەریكاش هاوكاری و پێوەندیەكانی لەگەڵ ئۆكرانیا كۆتایی پێ بێنێت.

پۆلەتیكۆ لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەكانی نێوان واشنتن و مۆسكۆ ڕایگەیاندووە، پێشنیارەكە لە كۆبوونەوەكەی هەفتەی ڕابردوودا لە میامی، لەلایەن كیریل دیمیتریڤ نێردەی تایبەتی ڕووسیاوە پێشكەش بە ستیڤ ویتكۆف و جارێد كوشنەر نێردە تایبەتەكانی ئیدارەی ترەمپ، كراون، بەڵام نێردەكانی ئەمەریكا پێشنیارەكەیان ڕەتكردەوەتەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش نیگەرانی ئەوروپییەكانی زییاتر كردووە و پێیان وایە ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی بەشداری نەكردنیان لە شەری ئێراندا ئەمەریكا پێوەندی لەگەڵ رووسیا دەباتە پێشەوە.



وشە - سۆران عەزیز