شەوی رابردوو ئێران دوو مووشەكی بالیستیی ئاڕاستەی بنكەی سەربازیی دیێگۆ گارسیای ئەمەریكا و بەریتانیا لە زەریای هیندی كرد، ئەمەش پێشهاتێكی نوێیە لەشەرەكەدا.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی، هەڕەشەکانى ئێران بۆ سەر بەرژەوەندیی وڵاتان ڕژدتر بووە و لە پێشهاتێكی نوێشدا مووشەكەكانی تاران دەگاتە چوار هەزار كیلۆمەتر، ئەمەش پێشتر پێشبینی نەكرابوو.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی رای گەیاند، ئێران دوو مووشەكی بالیستیی ئاڕاستەی بنكەی سەربازیی دیێگۆ گارسیای ئەمەریكا و بەریتانیا لە زەریای هیندی، كردووە.
ئەگەرچی بەرپرسانی ئەمەریكا بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، هیچ كام لە مووشەكەكان بەر بنكەكە نەكەوتوون، بەڵام ئەوە مەترسییەكی نوێی شەڕەكەیە و پێشتر چاوەڕێ نەدەكرا مەودای مووشەكەكانی ئێران ئەوەندە درێژ بێت.
بنكەی دیێگۆ گارسیا نزیكەی چوار هەزار كیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، ئەمەش دەری دەخات ئێران دەتوانێت لە كەمتر لەو مەودایەدا مەترسی بۆ سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دروست بكات.