ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی "کۆنتڕۆڵکردنی ئەتۆمیی ئێران" دەکات

:: PM:04:49:21/03/2026 ‌
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا لە کۆشکی سپی، ڕەتیکردەوە هیچ جۆرە ئاگربەستێک لەگەڵ ئێراندا واژوو بکات، و دووپاتى لەوە کردەوە کە "کاتێک لایەنی بەرامبەر لەناودەبەیت، ئاگربەست ناکەیت" گوتیشی، ئێمە گورزی زۆر بەهێز لە ئێران دەوەشێنین و دەمانەوێت سەرکەوتنی تەواوەتی بەدەستبهێنین.

لەلایەتى تر، سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ تۆڕی "سی بی ئێس" ئاشکرایان کردووە کە ئیدارەی ترەمپ  تاوتوێی چەند بژاردەیەکی هەستیارە بۆ دەستبەسەرداگرتن یان گواستنەوەی مادە ئەتۆمییەکانی ئێران. پلانەکان باس لە ئەگەری بەکارهێنانی هێزی "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان" (JSOC) دەکەن، کە یەکەیەکی بژاردەی نهێنیی سوپای ئەمەریکایە و تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە مەترسیدارەکانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.

لەبارەى هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، ترەمپ ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی ناتۆ گرت و بە "ترسنۆک" ناوى بردن، بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبوون لە جەنگی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا بەشدار بن.

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران تا هاوینی ڕابردوو نزیکەی 972 پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی %60 کۆکردووەتەوە، کە تەنیا هەنگاوێکی نزیکە لە ئاستی پیتاندنی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.


وشە - رزگار خدر