وەزارەتی گەنجینەى ئەمەریکا مۆڵەتی فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتی ئێرانی دەرکرد

:: PM:09:08:21/03/2026 ‌

وەزارەتی گەنجینەى ئەمەریکا، مۆڵەتێکی گشتیی دەرکرد کە ڕێگە دەدات بە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی بنەڕەتی ئێرانی، کە تا مێژووی 20ی ئادارى 2026 لەسەر کەشتییەکان بار کرابن.

ئەمڕۆ شەموو 21ی ئادارى 2026، وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکا مۆڵەتى گواستنەوە و فرۆشتنى نەوتى خاو و بەرهەمە نەوتییەکانى ئێرانى دەرکرد، کە ئەم مۆڵەتە لەلایەن نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) دەرکراوە و مەبەست لێی ڕێگەدانە بە هەموو ئەو پرۆسانەی کە پێشتر بەپێی یاساکانی ئەمەریکا قەدەغەکرابوون، لەوانە: فرۆشتن، گواستنەوە، یان بەتاڵکردنى باری کەشتییەکان.

بڕیارەکە ئەو کەشتییانەش دەگرێتەوە کە پێشتر دەستیان بەسەردا گیرابوو، و مۆڵەتەکە تا سەعات 12:01ی دواى نیوەشەوی ڕۆژی 19ی نیشانى 2026 بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک دەرفەتێکی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی ئەو کارانەی مۆڵەتیان پێ دراوە.

ئەم بڕیارەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، جوڵەی کەشتیوانی لە گەرووى هورمز تووشی سنووردارییەکی زۆر بووە. ئەم ئاڵۆزییانە بوونە هۆی ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی "برێنت" ئاستی 119 دۆلار تێپەڕێنێت، کە بە ڕێژەی 29% بۆ %31 بەرزبووەتەوە و ئەوەش بەرزترین ئاستە کە لە دوای حوزەیرانی ساڵی 2022وە تۆمارکرابێت.


وشە - رزگار خدر