ئێران چەند مووشەكێكی ئاراستەی شاری دیمۆنەی باشووری ئیسرائیل كرد، كە بە شارێكی ستراتیجی ئیسرائیل دادەنرێت و كوورە ئەتۆمییەكانی تێدایە. بەڵام مووشەكەكان بەر شوێنی نیشتەجێبوون كەوتوون و 20 كەس بریندارن. چاودێرانی سیاسی ئەو هێرشە ئێران بە خاڵێكی ترسناك دەزانن لە شەڕەكەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو 21ی ئادار، چەند مووشەكێكی ئێران ئاراستەی شاری دیمۆنەی باشووری ئیسرائیل كرا. بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەكانی ئیسرائیل مووشەكەكان خراونەتە خوارەوە و تەنیا زیان بەر شوێنی نیشتەجێبوون كەوتووە. دەزگای فریاكەوتنی ئیسرائیل دەڵێ، "20 كەس بریندارن".
ئێران لە پێنجی ئەم مانگە یەكەمجار هەڕەشەی هێرشكردنە سەر دیمۆنەی كرد، چونكە پێگەیەكی ستراتیجی بۆ ئیسرائیل هەیە و پێگە ئەتۆمییەكانی تێدایە. چاودێرانی سیاسی و كەناڵە جیهانییەكان ئەم هێرشەی ئێران بە خاڵێكی ترسناك دەزانن و پێیانوایە هێرشەكە وەڵامی ئەو هێرشەیە كە ئەمڕۆ كرایە سەر پێگەی ئەتۆمی نەتەنزی ئێرانی، هەرچەندە ئیسرائیل دووپاتی كردووەتەوە، كە ئەو هێرشی بۆ سەر بنكە ئەتۆمییەكەی ئێران ئەنجام نەداوە و ئەمەریكا ئەنجامی داوە.
ئیسرائیل تا ئێستە بە فەرمی باسی ئەوەی نەكردووە كە بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئەو وڵاتە 18 بۆمبی ئەتۆمی هەیە.