ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوی كردەوە، حكوومەتی بەریتانیا ژێردەریاییەكی خۆی كە بە وزەی ئەتۆم كار دەكات و دەتوانێ لە دوورەوە ئامانجەكان بە وردی بپێكێت، ڕەوانەی ئاوەكانی دەریای عهرهب كرد.
حكوومەتی
بەریتانیا پێشتر بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكردەوە هەموو جۆرە بەشدارییەك لە جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریكا دژی ئێران بكات، بەڵام هەینی ڕابردوو ڕێگەی بە ئەمەریكا دا كە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بەكار بهێنێت، هاوكات ئێستەیش ژێردەریاییەكی جەنگیی كاركەر بە وزەی ئەتۆم ڕەوانەی دەریای عهرهب دەكات، كە هەڵگری مووشەكی دوورمەودایە و دەتوانێ زۆر بەخێرایی مووشەك ئاراستەی ئامانجەكان بكات و بە وردی تەواوە ئامانجەكان بپێكیت.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیل هیچ زانیاریی لەسەر ناوی ژێردەریاییەكە و ئەركەكەی و شوێنی لەنگەرگرتنی لە دەریای عهرهب بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام لە زاری سەرچاوەكانەوە پشتڕاستی كردووەتەوە، لەندەن ژێردەریاییەكەی دەنێرێتە دەریای عهرهب تا بەشداریی لە جەنگ و ئاڵۆزییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات.
ئەو بڕیارەی بەریتانیا دوای ئەوە دێت كە پێشتر دۆناڵد ترەمپ زۆر بە توندی ڕەخنەی لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی و بەریتانیا دەگرت، بەوەی یارمەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە جەنگی دژ بە ئێران نادەن و هەڕەشەی كۆتاهێنان بە ناتۆیشی كرد، پێوەندییەكانی واشنتن لەگەڵ ئەوروپایش ڕەخنە و مشتومڕی زۆری لێ كەوتەوە.