ئێران جیا له‌ كه‌شتی "دوژمن" كه‌شتییه‌كانی تر به‌ ئاسایی ده‌توانن به‌ هورمز تێپه‌ڕن

:: PM:05:12:22/03/2026 ‌
نوێنەری تایبەتی ئێران لە ڕێكخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ یەكشەم ئاشكرای كرد، هەموو كەشتییەكان دەتوانن بە گەرووی هورمز تێپەڕ ببن، تەنیا كەشتییەكانی "دوژمن" نەبێت كە مەبەست لێی كەشتی ئەمەریكا و ئیسرائیلە، ئەو كەشتییانە لە كاتی تێپەڕینیان بە هورمز دەكرێنە ئامانج.

عەلی موسەوی نوێنەری ئێران لە ڕێكخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی، لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد، كەشتییەكان جیا لە كەشتی وڵاتانی "دوژمن"، دەتوانن بە هاوئاهەنگیی تەناهی و ئاگاداركردنەوە لەگەڵ ئێران، بێ كێشە بە گەرووی هورمز تێپەڕ ببن.

زیاتر گوتی، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێز لە یەكێتیی خاكی ئێران و مافەكانی بگرێت، ئێران ئامادەی هاوكارییە لەگەڵ ڕێكخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی بۆ باشتركردنی سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی لە ئاوەكانی سنووریدا.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، سەلامەتیی ئەو كەشتییانەی كە بە گەرووی هورمز تێپەڕ دەبن، پێویستی بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ ئێران، جیا لە كەشتییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، ئەوانەی تر دەتوانن هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران بكەن و بێ كێشە بە گەرووی هورمزدا بڕۆن.

ئەو قسانەی نوێنەرەكەی ئێران لە ڕێكخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی لە كاتێكدایە، لە سێ هەفتەی یەكەمی جەنگ، ئێران چەندان كەشتیی گوێزەرەوەی نەوت و كاڵاكانی لە گەرووی هورمز و كەنداو كردووەتە ئامانج، ئەمەریكایش هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە تا سەلامەتی بۆ گەرووی هورمز بگەڕێنێتەوە، لەم پێناوەیشدا هێزی دەریایی ئێرانی بە تەواوی تێكشكاندووە و بەردەوامیش لە بۆردمانكردنی كەناراوەكانی ئێران لەسەر كەنداو و گەرووی هورمزەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د