كاتز: تاران شارەكانمان بۆردمان بكات دەیان ساڵ بۆ دواوەی دەگەڕێنینەوە

:: PM:10:46:22/03/2026 ‌

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی توندی لە ئێران كرد و گوتی، ئەگەر ئێران شارەكان و خەڵكی سڤیل بۆردمان بكات، ئەوا وەڵاممان بۆیان زۆر قورس دەبێ و دەیان ساڵ بۆ دواوە دەیانگەڕێنینەوە.

یسرائیل كاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە میانەی سەردانی بۆ شوێنی كەوتنە خوارەوەی مووشەكەكانی ئێران لە ناوچەی عەرادی باشووری ئیسرائیل، قسەی بۆ میدیاكان كرد و گوتی، ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئەوا گورزێكی هێندە بەهێز لە ئێران دەوەشێنین كە دەیان ساڵ بیگەڕێنێتەوە دواوە و دوای بخات.

لە بەشێكی تری قسەكانی كاتزدا، بە ئامانجگرتنی خەڵكی سڤیلی ناو شارەكانی لەلایەن ئێرانەوە بە مەبەست ناو نا و گوتی، سوپای پاسداران بە ئەنقەست خەڵك دەكاتە ئامانج و دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە خەڵك لە دژی حكوومەت هان بدات و تووڕەیان بكات، بەمشێوەیەیش دواجار حكوومەتی ئیسرائیل بڕیاری وەستاندنی جەنگ بدات.

لەبارەی ئەو ویستەی پاسدارانەوە یسرائیل كاتز هێمای بۆ ئەوە كرد، ئەو مەبەستەتان قەت ڕوو نادات، چونكە لە ناوخۆ ئیسرائیلییەكان زۆر بەهێزن و یەكدەستن، بۆیە بەو هیواتان ناگەن.

شەوی ڕابردوو ئێران بە مووشەكی هێشوویی هێرشی كردە سەر ناوچەی عەردا و دیمونە لە ئیسرائیل، بەوهۆیەوە نزیكەی 200 برینداری لێ كەوتەوە و زیانی زۆریشی بەر باڵەخانە و خانووەكانی ناوچەكە گەیاند.


وشە - باز ئه‌حمه‌د