خاتەمولئەنبیا: ئەگەر ئەمەریکا لە وێستگەکانی کارەبامان بدات گەرووی هورمز بەتەواوی دادەخەین

:: AM:01:51:23/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 22ی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، دووپاتی کردەوە کە ئەگەر ئەمەریکا هەڕەشەکانی بۆ بەئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەبای ئێران جێبەجێ بکات، ئەوا تاران گەرووی هورمز بەتەواوی دادەخات.

گوتەبێژەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئێستەدا گەرووەکە تەنیا بەڕووی دوژمندا داخراوە، و هاتوچۆی بێزیان بەپێی ئەو ڕێسایانەی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئێران مسۆگەر دەکەن، بەردەوامە.

لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداریی دا کە هەر بەئامانجگرتنێکی وێستگەکانی کارەبا لەلایەن ئەمەریکاوە، دەبێتە هۆی گرتنەبەری ڕێکاری سزایی توند، کە داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمز تا کاتی بونیادنانەوەی وێستگە زیانپێکەوتووەکان لەخۆ دەگرێت. سەرباری بەئامانجگرتنی سەرجەم وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزە و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئیسرائیل، وێرانکردنی ئەو کۆمپانیایانەی لە ناوچەکەدان و ئەمەریکاییەکان پشکیان تێیدا هەیە، لەگەڵ دانانی وێستگەکانی کارەبای ناو ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە میوانداریی بنکەکانی ئەمەریکا دەکەن وەک ئامانجێکی ڕەوا.

لە کۆتاییدا ئەو گوتەبێژە دووپاتی کردەوە کە ئێران ئامادەیە بۆ خولقاندنی جیهادێکی گەورە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی، و ڕوونی کردەوە کە وڵاتەکەی دەستی بە جەنگ نەکردووە و دەستپێشخەریش نابێت، بەڵام هەر زیانێک بە وێستگەکانی کارەبای بگات، ڕووبەڕووی وەڵامێکی بەردەوام دەبێتەوە بۆ وێرانکردنی ژێرخانی وزە، نەوت و پیشەسازیی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.


وشە - پۆڵا مەحموود