لە ماوەی دوایی هاتە بڵاوكردنەوەی كە گفتوگۆ لە نێوان حكوومەتی عێراق و میلیشیاكان لە بەغدا بۆ رێككەوتن لەسەر ئاگربەستێك لە عێراق لە نێوان ئەوان و ئەمەریكا دەكرێت، ئەوان هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بوەستێنن و ئەمەریكاش چیتر نەیانكاتە ئامانج، ئەمڕۆ گرووپێك لەو میلیشیایانە باسی هۆكارێكی داوای ئەمەریكا بۆ ئاگربەست دەكات.
گرووپی "ئەولیای دەم"، یەكێكە لە گرووپەكانی هاوئاهەنگیی موقاوەمەی چەكداری لە عێراق ئاماژەی كرد كە داواكەی ئەمەریكا و هاوپەیمانی ناتۆ بۆ ئاگربەست لە عێراق بۆ دابینكردنی كەشێكی ئارامە بۆ دەربازكردنی هێزەكانیان لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
ئەبو مەهدی جەعفەری گوتەبێژی گرووپەكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، ئەمەریكا و ناتۆ داوای ئاگربەستێكی 24 سەعاتییان لە نێوان حكوومەتی عێراق و میلیشیاكان كردووە بۆ دەركردنی تەواوی هێزەكانیان بە بنكەی ڤیكتۆریا لە بەغدا و گواستنەوەیان بۆ توركیا.
روونی كردەوە، زۆرینەی گرووپەكانی موقاوەمەی عێراقی كە ئەو داوای حكوومەتییان بەدەست گەیشتووە، لەسەر ئاگربەستەكە رازی بوونە، بەو مەرجەی چیتر بارەگەكانی حەشدی شەعبی لە سامەراوە تا كەربەلا هێرشیان نەكرێتە سەر، ئەوە لەوكاتەی دوێنێ فڕۆكەیەكی جۆری "ئێس30"ی ناتۆ لە نیشتنەوەی لە بنكەی ڤیكتۆریا بەهۆی چڕیی هێرشی میلیشیاكان نەیتوانیوە بنیشێتەوە.