هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران چووە ناو چوارەم هەفتەیەوە، پێ دەچێت هێرشی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران، كە هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكە چووبێتە قۆناغێكی ترەوە، كاتێك چەند رۆژێكە دەستیان كردووە بۆ كردنەئامانجی دەزگا تەناهییەكانی عێراق، بەپێی سەرچاوەیەك ئەمڕۆ یەكشەم پێنج كارمەندی دژەتیرۆری عێراق لە بۆردمانێكی مووشەكی بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا بریندار بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ
سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم بە مووشەك هێرش كراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، یەكێك لە مووشەكەكان بەر بارەگەیەكی دژەتیرۆری عێراق كەوتووە و بووەتە هۆی برینداربوونی پێنج ئەندامی دژەتیرۆر، دوای بۆردمانەكە ئەوان بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.
دوێنێ شەموو لە بەغدا بارەگەی دەزگەی هەواڵگریی عێراق كرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ئەفسەرێك گوژراو و ژمارەیەكیش بریندار بوون، هەر دوێنێ فڕۆكەخانەی بەغدا بە چڕی بۆردمان كراوە، میلیشیاكان دەڵێن ژمارەیەك لە كارمەند و هێزەكانی ئەمەریكا و ناتۆ لەو فڕۆكەخانە هەن، جیا لە بوونی ناوەندی پاڵپشتیی دیپلۆماسی لە فڕۆكەخانەی بەغدا.