سێنتکۆم خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمەریکی لە ناو ئێران ڕەت دەکاتەوە

:: AM:03:39:23/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 22ی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم)، ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە تێکشکانی فڕۆکەیەکی ئەمەریکی لە ناو ئێران دەکەن، و دووپاتی کردەوە کە سەرجەم فڕۆکە جەنگییەکانیان سەلامەتن و تاران هیچ فڕۆکەیەکی نەخستووەتە خوارەوە.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە تێکشکانی فڕۆکەیەکی ئەمەریکایی لە ناو ئێران لە بەرەبەیانی زووی ڕۆژی چوارشەم، هیچ بنەمایەکیان نییە و ڕاست نین. گوتیشی، ئێران هیچ فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمەریکایی نەخستووەتە خوارەوە و سەلامەتیی هەموو فڕۆکەکان پشتڕاست کراوەتەوە.

فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا "زیاتر لە هەشت هەزار فڕینی ئاسمانی"یان ئەنجام داوە، و دووبارە دووپاتی کردەوە کە سەرجەم فڕۆکەکان بە سەلامەتی ماونەتەوە.

لە لایەکی ترەوە، بەپێی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"، لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەمی ڕابردوو، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری (F-35A)ی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا، دوای ئەوەی لە کاتی ئەرکێکی جەنگیدا لە ناو ئاسمانی ئێران بە تەقەی زەمینی پێکراوە، ناچار بووە نیشتنەوەی ناچاری لە بنکەیەکی ئاسمانیی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

هەر لەم بارەیەوە و بەپێی ماڵپەڕی "فۆربس"، تیم هۆکینز گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە فڕۆکەکە بە سەلامەتی نیشتووەتەوە و باری تەندروستیی فڕۆکەوانەکە جێگیرە، هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر وردەکارییەکانی ڕووداوەکە بەردەوامن.

لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند کە ساتی بەئامانجگرتن و پێکانی ڕاستەوخۆی ئەو فڕۆکەیە لە ناوچەی ناوەڕاستی وڵاتەکە لە سەعات 2:50 خولەکی بەرەبەیان بە کاتی ناوخۆ پیشان دەدات.


وشە - پۆڵا مەحموود